خواردنی گۆشتی گوێدرێژ خەڵکی بابل سەرقاڵ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی بابل دەڵێت، تاوەکو ئێستا هەشت کەس بەهۆی سەربڕینی گوێدرێژ و فرۆشتنی گۆشتەکەی بە چێشتخانەیەکی شاری حیلـلە تێوەگلاون و هەندێکیان دەستگیر کراون.
 
شۆک خەڵکی بابلی بەرنەداوە و بابەتی خواردنی گۆشتی گوێدرێژ سۆشیاڵ میدیا و بازاڕەکانی تەنیوە؛ ئەو بابەتە تەنیا قسە و باس نییە و پۆلیس و کۆمەڵێک خاوەن خواردنگەی سەرقاڵ کردووە، دەیان کەسیش بەهۆی ئەو بابەتەوە بێ کار بوون.
 
دەرگای زۆر خواردنگە داخراوە، بەشێکیان بێئاگان لە هۆکارەکە و پێیانوایە ئەو کارە بە ئەنقەست کراوە، بۆئەوەی لە نێوبانگی خواردنگەکانیان بدەن، دوای ئەوەی گۆشتفرۆشێک دانی بەوەدا ناوە، کە گۆشتەکەی بە چەند خواردنگەیەک فرۆشتووە.
 
یەکێک لەو خواردنگانەی کە دەگوترێت گۆشتەکەی پێ فرۆشراوە، خواردنگەی میشوارە. عەلی حوسێن، کە ژمێریاری خواردنگەی میشوارە دەڵێت، "ئەوەی روودەدات شەڕی کاسبی و رزقی ئێمەیە، هەندێک خواردنگە بە ئەنقەست ناوی ئێمەیان بردووە بۆئەوەی لە نێوبانگمان بدەن، ئێمە زۆر لە کارەکەمان دڵنیاین، وێنەیەک لە پسوولەی کڕینی گۆشتەکەمان بە لایەنی پەیوەندیدار داوە و وردبینیی تێدا کراوە، هیچ خەوشێکی نەبووە، ئێمەش پەنا بۆ یاسا دەبەین و لێپێچینەوە لەو کەسانە دەکەین کە ناوی ئێمەیان بردووە و هەوڵیان داوە لە نێوبانگمان بدەن، خواردنگەکەمان نێوبانگی هەیە و لە شاری حیلـلە لە پلەی یەکەمدایە و بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە جووڵەی کڕیارانی راگرت."
 
گوێدرێژ، خەڵکی بابلی کردووەتە دوو بەش بەشێکیان نیگەرانن و ناوێرن لە بازاڕ گۆشت بکڕن و بیخۆن، بەشێكی دیکەش گوێی پێنادەن و هەروەک جاران بەردەوامە.
 
مونتەزەر عەقیل، خوێندکاری زانکۆیە و دەڵێت، "زۆر پۆست و بڵاوکراوەم لەسەر گۆشتی گوێدرێژ بینی، بەڵام ئێمە لە هەندێک چێشتخانە دڵنیاین و بەردەوام دەچینە لایان و تێبینیی هیچ شتێکمان لە خواردنەکانیان نەکردووە، تام و بۆنی خۆراکەکان هەر وەکو جارانە و هیچ نەگۆڕاوە."
 
خاوەنی چێشتخانەکان چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکان دەکەن، کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆ گۆشتی کۆگاکانیان کراوە، چاوەڕێن نیگەرانیی کڕیارەکانیان بڕەوێتەوە و لەوە زیاتر زیان نەکەن، هەندێکیان داوای قەرەبووی مادی دەکەنەوە.
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 28ی کانوونی یەکەمی 2023 پۆلیسی بابل رایگەیاند، "تۆمەتبارێکیان بەتۆمەتی دزینی گوێدرێژ دەستگیرکردووە و دوای لێکۆڵینەوە، تۆمەتبارەکە دانی بەوەداناوە کە گوێدرێژی دزیوە و سەری بڕیوە و گۆشتەکەی بە یەکێک لە چێشتخانەکانی نێوەڕاستی شاری حیللە فرۆشتووە."
 
رۆژی دووشەممە 1ی کانوونی دووەمی 2024 جارێکی دیکە فەرماندەی پۆلیسی بابل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، "دەمانەوێت بۆ رای گشتی رابگەیێنین کە پاش لێکۆڵینەوە لەو کەسەی تۆمەتبار بوو بە دزینی گوێدرێژ و فرۆشتنی گۆشتەکەی بەیەکێک لە چێشتخانەکانی ناوەڕاستی پارێزگای حیللە، دەرکەوتووە کە هەشت کەس لەم دۆسیەیە تێوەگلاون و تاوەکو ئێستا سێ کەسیان دەستگیر کردووە و پێنج کەسەکەی دیکەش فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە."
 
لەدوای ئەو رووداوانە، دادوەری لێکۆڵینەوەی بابل لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەت بۆ ئەو پرسە پێکهێناوە، بۆ هەڵسەنگاندنی راستی دانپێدانانەکان و سامپڵی ئەو گۆشتانەی لە چێشتخانەکان وەرگیراون.