ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق: لە ماوەی شەش مانگدا سەرجەم کامپی ئاوارەکان دادەخرێن

02-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، هەموو کامپی ئاوارەکان دابخرێن و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک دروستبکرێت هەرێمی کوردستانیشی تێدا بێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 2-1-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، جگە لە تاوتوێکردنی دۆخی گشتیی عێراق، ژمارەیەک بڕیاری لەبارەی چەند دۆسیەیەکەوە دا، بەتایبەت لە دۆسیەکانی ئابووری و خزمەتگوزاری کە لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا بوون.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، بڕیاردرا ئەو شەقامەی بەرەو فڕۆکەخانەی بەغدا دەڕوات بە فەرمی بۆ "شەقامی شەهید ئەبوو مەهدی موهەندیس"، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کە 3ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لەگەڵ قاسم قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حەشدی شەعبی کوژران، بگۆڕێت.
 
هەروەها بڕیاردرا بە تەرخانکردنی بڕی پێنج ملیار دینار بۆ سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق بە مەبەستی دابینکردنی پارە بۆ چارەسەری نەخۆشیی رۆژنامەنووسانی بەتەمەن و نەخۆشان و پێشەنگەکان، بۆ گرتنەئەستۆ و چارەسەرکردنی خێزانەکانی کەسوکاری شەهیدانی رۆژنامەگەری کە ژمارەیان زیاتر لە 500 شەهید دەبێت. ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیشی دەربڕی بۆ جێگیرکردنی 99 بەڕێوەبەری گشتی بەپێی حوکمەکانی یاسای خزمەتی گشتی ژمارە 24ـی ساڵی 1960. 
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ پشتیوانی کریستیانەکانیش ئەنجوومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دەرکرد:
 
1- فرۆشتنی 700 پارچە زەوی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ئەلقوش بە دانیشتووانی شارۆچکەکە و تەنیا بە کریستیانەکان، بەپێی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت.
 
2-دانانی هێمای "مامەڵەنەکردن پێیەوە" لەسەر ئەو خانووبەرانە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە رۆژی تاپۆکردنی، کوژانەوەی ئەو پارانەی لەسەر فرۆشتنەکە دروست دەبێت بەپێی بڕیاری 372ـی ساڵی 2019ـی ئەنجوومەنی وەزیران.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەیدا بڕیاریشیدا بە هەموارکردنەوەی یاسای دەستەی باڵای حەج و عومرە و رەوانەکردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت وردبینی کرد.
 
لەبارەی کەرتی کارەباوە، ئەنجوومەنی وەزیران ژمارەیەک بڕیاریدا، هەروەها بڕیاریشیدا بە پەسندکردنی راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لەم خاڵانە:
 
- دیاریکردنی بڕی 100 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک لە بەرهەمی نەوتی رەشی دابینکراو بۆ کارگەکانی کەرپووچ.
 
- بۆ کارگەکانی کەرتی گشتی و تایبەت کە نەوتی رەش بۆ کارپێکردن و بەرهەمهێنان بەکاردەهێنن ئەو نرخە 125 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک دەبێت.
 
- یەکخستنی بەهای بەرهەمە نەوتییەکان بۆ ئەو پڕۆژانەی لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان و دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتیان پێدراوە. 
 
تایبەت بە کەرتی بانەکەکان و داراییش، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بە:
 
- گرێبسەتکردنی راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیای ئارنست و یونگ بۆ دووبارە پەیکەربەندکردنەوەی بانکەکانی رافیدەین و رەشید، پێدانی نەخشەڕێگەیەک لەوبارەیەوە لە ماوەی شەش مانگدا.
 
- گرێبەستکردنی راستەوخۆ لە بانکی پیشەسازییەوە لەگەڵ کۆمپانیای ئارنست و یونگ بۆ لێکۆڵینەوە لە تێکەڵکردنی بانکەکانی "پیشەسازیی، خانووبەرە و کشتوکاڵ" لە یەک بانکدا، پێدانی میکانیزمەکانی پەیوەست بە دیاریکردنی کاتی تێکەڵکردنیان و میکانیزمەکانی پێویست بۆ گواستنەوەی سەرمایەکان.
 
- گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیای ئارنست و یونگ بۆ لێکۆڵینەوە لە تێکەڵکردنی کۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانی لەگەڵ کۆمپانیای دڵنیایی عێراقی.
 
 ئەنجوومەنی وەزیران سەربارەت بە ئاوارەکان بڕیاریدا، پێداویستیی ئاوارەکانی گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان پڕبکرێتەوە و رۆژی 30ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، دوا وادە بێت بۆ داخستنی سەرجەم کامپەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا، لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران، پەروەردە، تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی ئەو دۆسییە پێکبهێندرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت