دەزگای هەواڵگریی عێراق لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەولێر دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی عێراق لیژنەیەکی تایبەتی لە نوێنەرانی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان رەوانەی هەولێری پایتەخت کردووە.
 
لەگەڵ هاتنی لیژنەکەی بەغدا، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە ئاڕاستەی بنکەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش کرابوو، تێکشکێندرا.
 
پرسێک بەلای بەرەی مقاوەمەی ئیسلامییەوە بووەتە نەریتێک و پێداگرن لەسەر بەردەوامی هێرشەکانیان.
 
شێخ کازم فەرتوسی، گوتەبێژی کەتایب سەید شوهەدا دەڵێت، "ئەوە روونە مقاوەمە رۆژێک لە رۆژان ناوەستێت، ماوەیەک کارەکانی لەبەر حکومەت راگرت بۆ ئەوەی لەڕێگەی رێگای سیاسی و دپلۆماسی چارەسەری بکات، بەڵام مادام دوژمن لە عێراق ماوە و درێژە بە کارە دوژمنکاریەکانی بۆ سەر گەلی عێراق و وڵاتانی دراوسێ دەدات، بۆیە مقاوەمەش بەردەوام دەبێت و هەرگیز ناوستێت".
 
سەرەڕای پێداگریی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لە راوەستاندنی هێرشەکان و بەڵێنی حکومەتی عێراق بۆ راگرتنیان، ئەو گرووپانەی نێو حەشدی شەعبی کە ئێستا ناوی بەرەی مقاوەمەیان لەخۆیان ناوە، لە پەرلەمانیش پێداگر و پشتیوانن بۆ بەردەوامی هێرشەکان.
 
موعین کازمی، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی فەتح دەڵێت، "دەبێت رێز لە رۆڵی حکومەت بگیرێت لە چەسپاندنی ئاسایش، لە هەمانکاتدا لەسەر حکومەتیش پێویستە هێرشەکانی سەر گەلی فەلەستین و سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی رەتبکاتەوە. راگەیێندراوی زۆریش دەرکرا کە ئەو هێرشانە کاردانەوەی دەبێت".
 
بەرەی مقاوەمەی نزیک لە ئێران ساڵانێكە لە سووریا، لوبنان، فەلەستین و یەمەن چالاکە، بەڵام بە فەرمی لە 17-10-2023 بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق راگەیێندرا و حیزبووڵڵا، عەسایبی ئەهلی حەق، نوجەبا و سەیدولشوهەدا لە دیارترین پێکهێنەرانین.
 
لیژنە و لیژنەکاریی بەغدا دژی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەولێر لەکاتێکدایە، هێرشکاران بەپێی یاسا بەشێکن لە هێزی بەرگریی عێراق و دەبێ پابەندی بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بن کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، کەچی بە ئاشکرا بەرپرسیارێتی 26 هێرش بۆسەر فڕۆکەخانەکانی هەولێر و هەریریان لە ئەستۆ گرتووە.