هەفتەی داهاتوو پشووی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت

02-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 9ـی ئەم مانگە، پشووی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە سوننەکان لەسەر بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رێکنەکەوتوون کە بڕیارە لە یەکەم دانیشتنی ئەم وەرزەدا یەکلابکرێتەوە. 

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی 9ـی کانوونی دووەمی 2024 پشووی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان کۆتایی دێت و دەبێت 10ـی ئەم مانگە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت، بەڵام هێشتا بڕیار نەدراوە."
 
لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانیش، دارا سێکانیانی گوتی: "بڕیارە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەڵام ئەمە روون نییە کە دەکرێت یان نا."
 
لە مادەی 22 لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، ساڵانە پەرلەمان دوو وەرزی یاسادانانی هەیە، کە هەشت مانگە و هەر وەرزێکی چوار مانگە، بەشێوەیەک هەموو ساڵێک وەرزی یەکەم لە یەکی ئادار تاوەکو 30ی حوزەیران دەبێت؛ وەرزی دووەمیش لە یەکی ئەیلوول دەستپێدەکات تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەم؛ هیچ وەرزێکی یاسادانان کۆتایی نایەت تاوەکو یاسای بودجە پەسند نەکرێت؛ مانگانەش نابێت پەرلەمان لە هەشت دانیشتن کەمتر بکات.
 
سەبارەت بەو پڕۆژەیاسایانەی کە لەبەردەستی لیژنەی یاسایین پەرلەمان دەبێت لەم وەرزەدا پەسەندیان بکات، دارا سێکانیانی گوتی: "هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، رەشنووسی یاسای مادەی هۆشبەر، رەشنووسی یاسای لێبووردنی گشتی و چەند رەشنووسێکی دیکە، بڕیارە پەسندبکرێن."
 
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، کە هاوکات سەرۆکى پارتى تەقەدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە. 
 
رۆژی سێشەممە، 2-1-2024، محەممەد خالیدی، ئەمینداری گشتیی پارتی بەیارق خەیری عێراقی بە رووداوی راگەیاند، بەمنزیکانە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان کۆدەبێتەوە و یەکێک لە بابەتەکانی جێی گفتوگۆ پرسی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەبێت، بەڵام ئەگەری زۆرە لەو کۆبوونەوەیە کە بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بکرێت، تێیدا پەلەبکرێت لە رێکارەکانی دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەوەی یەک بەربژێری لەسەر رێککەوتوو لە پەرلەمان هەبێت، یان هیچ نەبێت لایەنەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەری رێکبکەون.
 
ئەو کەسەی دەبێتە جێگرەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق، دەبێت لە پێکهاتەی سوننە بێت، هەرچەندە فراکسیۆن و پارتە سوننەکان خۆیان لەسەر یەک بەربژێر یەکدەنگ نین، لایەنەکانی شیعەش لەسەر بەربژێرێک یەکڕا نین، کوردیش لەو نێوانەدا هاوشێوەی ئەوان دابەشبووە و یەک بۆچوونی نییە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەر یەک لە موسەننا سامەڕایی، سالم عیساوی، خالید عوبەیدی، تەڵاڵ زەوبەعی، مەحموود مەشهەدانی، زیاد جەنابی، شەعلان کەریم، عەبدولکەریم عەبتان، موزاحیم خەیات بەنیازن خۆیان بەربژێر بکەن.
 
بەپێی پرەنسیپی "سازان، هاوسەنگی و هاوبەشی"، کە لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە پشتی پێ دەبەسترێت بۆ پێکهێنانی کابینەکانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، سەرۆکی حکومەت بۆ شیعە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننەکانە.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت