رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە مانگى ئادارى ئەمساڵدا یەکەم فڕۆکە بە شێوەى ئەزموونى لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵ بنیشێتەوە و لە سەرەتاى ساڵى 2024یش گەشتە ئاسمانییەکانی هاووڵاتییان لەو فڕۆکەخانەیەوە دەستپێبکات.
رۆژی دووشەممە 02-01-2023 ئەمین فەنەش، قایمقامى موسڵ بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو کۆمپانیایانەى پرۆژەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵیان وەرگرتووە پێیان راگەیاندووین کە مانگى ئادارى داهاتوو یەکەم فڕۆکە بە شێوەیەکى ئەزموونى لە فڕگەى فڕۆکەخانەکە دەنیشێتەوە."
بە گوتەی قایمقامى موسڵ، "ئەو فڕۆکەیەى دەنیشێتەوە لە جۆرى (c-130) دەبێت کە تایبەتە بە گواستنەوەى شاندى تایبەت و پێشتر ئەو جۆرە فڕۆکەیە لە فڕۆکەخانەى گەیارە دەنیشتەوە."
10ى ئابى 2022، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى ئەو کاتی عێراق بەردى بناخەى نۆژەن و ئامادەکردنەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵى دانا، کە لە پرۆژەیاسای بودجەى 2021 بڕیارى نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنى درا و لەلایەن دوو کۆمپانیاى فەرەنسی و سعودییەوە جێبەجێ دەکرێت.
قایمقامى موسڵ گوتیشى، "بەگوێرەى ئەو ماوەیەى کۆمپانیاکان دیارییان کردووە، فڕۆکەخانەى موسڵ لە سەرەتاى ساڵى 2024 بە فەرمى دەکەوێتە کار و گەشتى فڕۆکەوانیى مەدەنیى فڕۆکەى نەفەرهەڵگرى لێوە ئەنجام دەدرێت."
بودجەى ئەو پرۆژەیە 200 ملیار دینارە و نیوەى لە پارەى بلۆککراوى پێشووى پارێزگاى نەینەوایە لە سەردەمى شەڕى داعش و نیوەکەى دیکەى لە بودجەى یاسای پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان دابین دەکرێت.
فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵ لە ساڵى 1920 دەست بە دروستکردنى کرا و رووبەرەکەى 1600 دۆنمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ