ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە هەندێک پارێزگای عێراق دەکرێتە پشوو

رووداو دیجیتاڵ 

لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیسدا ژمارەیەک پارێزگا لە عێراق رۆژی دووشەممەیان کردە پشووی فەرمی.
 
لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بە فەرمی هەریەک لە پارێزگاکانی دیالە، واست، زیقار، بابل، بەسرە، نەجەف، کەربەلا، میسان و دیوانیە، رۆژی دووشەممە 3/1/2022یان کردە پشووی فەرمی. هەروەها لە بەغداش پشووی فەرمی راگەیێنرا.
 
بەرەبەیانی 3ی کانوونی دووەمی 2020، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا هەریەکە لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کردە ئامانج و هەردووکیان کوژران. 
 
بۆردوومانەکە کاردانەوەی ئێران و بەشێکی زۆر لە هێزە شیعەکانی عێراقی بەدوادا هات. 
 
رۆژی 5-1-2020 پەرلەمانی عێراق بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بەشێک لە سوننەکان کۆبووەوە و بڕیاریدا هێزە بیانییەکان خاکی عێراق جێبهێڵن.