هێزە ئەمنییەکان تێکشکاندنی هێرشەکەی داعشیان لە سامەڕا راگەیاند

02-01-2017
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن سامەڕا عێراق
A+ A-
رووداو- هەولێر

هێزە ئەمنییەکانی عێراق، تێکشکاندنی هێرشەکەی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی دۆخی ئەمنی سامەڕا-یان لە پارێزگای سەڵاحەدین راگەیاند.


عومەر محەممەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزای سامەڕا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، دۆخی سامەڕا لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزە ئەمنییەکان دایە، دوای ئەوەی ژمارەیەک چەکداری داعش هەڵیان کوتایە سەر بنکەی پۆلیسی موتەوەکیل لە شاری سامەڕا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان دوو چەکداری داعش خۆیان لە نێو بنکەکەدا تەقاندووەتەوە و تاوەکو ئێستاش ئاماری کوژراوانی هێزەکانی عێراقی روون نییە.

لیوا روکن عیماد ئەلزهیری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەڕا رایگەیاند،  هێزە ئەمنییەکان دوو خۆکوژیان کوشتووە، کە هەوڵیانداوە بنکەی پۆلیسی متەوەکیل بکەنە ئامانج و ئێستا دۆخەکە بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندایە.

سەفا تەمیمی، سەرکردە لە هێزەکانی سەرایای سەلام لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەهاوکاری هێزە ئەمنییەکان، هێرشەکەی چەکدارانی داعش-یان  بۆ سەر بنکەی پۆلیسی متەوەکیل لە سامەڕا تێکشکاندووە و سێ کەسی خۆکوژیان کوشتووە و دۆخەکە بەتەواوی لە ژێر کۆنترۆڵدایە و رێوشوێنی ئەمنی گونجاویش گیراوەتەبەر.

بەپێی زانیارییەکان، دوو چەکداری داعش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون و یەکێکی دیکەش خۆی تەقاندووەتەوە.

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، تەقینەوەیەکی خۆکوژی خاڵێکی پشکنینی لە سەر رێگەی نێوان سامەڕا- بەغدا کردە ئامانج و دواتر شەڕوپێکدادان لە نێوان چەکدارانی داعش و هێزە ئەمنییەکان روویدا.

ژمارەیەک چەکداری خۆکوژی داعش هێرشیانکردە سەر بنکەکانی پۆلیسی متەوەکیل و ئیمام لە سامەڕا . دوابەدوای ئەمە، هێزە ئەمنییەکان قەدەخەی هاتووچۆیان لە سامەڕا راگەیاند. هاوکات هێزە ئەمنییەکان قەدەخەی هاتووچۆیان لە دوجێل، تکریت، بەلەد راگەیاند، هاوکات شەڕوپێکدادانیش لە نێوان داعش و هێزە ئەمنییەکان لە کێلگە نەوتییەکانی عجێل وعەلاس  لە پارێزگای سەلاحەددین روویداوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە