چوار تەقینەوە لە بەغدا؛ 60 کوژراو و 70 برینداری لێکەوتەوە

رووداو - بەغدا 

رۆژی دووشەممە 2-1-2017 بەغدا کرایە ئامانجی چوار تەقینەوەی خۆکوژی، دوو ئۆتۆمبێلی بۆمڕێژکراو بە گەڕەکی سەدردا تەقێنرانەوە.


یەکەم ئۆتۆمبێل لە بەردەم نەخۆشخانەی گەڕەکی سەدر دووەمیشیان لە گۆڕەپانی کۆکردنەوەی کرێکارانی سەدردا تەقیەوە. سێیەمین کردەی خۆکوژی شەقامی فەلەستینی کردە ئامانج و لە بەردەم نەخۆشخانەی کندی ئۆتۆمبێلێکی بۆمڕێژکراو تەقیەوە، چوارەمین تەقینەوەش درەنگانی ئێوارە بوو لە زەعفەرانییە گەڕەکێکی سڤیل نشینی کردە ئامانج. بەپێی ئاماری سەرەتایی زیاتر لە 60 کەس کوژراون و 70 کەسی دیکەش برینداربوون.

یەکێک لە هاووڵاتیانی بەغدا دەڵێت "باشە بۆ هەمیشە تەقینەوەکان لە مەدینە سەدر روودەدن، چونکە دانیشتووانەکەی شیعەن بۆیە دەیانەوێت رێژەی شیعەکان کەمبکەنەوە".

کەسوکاری قوربانییەکان شیوەن بۆ لەدەستدانی رۆڵەکانیان دەگێڕن، شیوەنێک کە بە ئاسانی ئارام نابنەوە، چونکە بەهۆی بەهێزی تەقینەوەکان ژمارەیەک لە کوژراوەکان لاشەکانیان نەدۆزراونەتەوە، بەشێکیشیان بەهۆی شێواوی لاشەکانیان نا ناسرێنەوە. 

رەوشی ئەمنی بەغدا ناسەقامگیرە و رۆژانە کردەوەی تووندوتیژی لە شارەکە روودەدات زۆرینەی تەقینەوەکانیش مەدینە سەدر دەکاتە ئامانج کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری بەغدا. 

پێداچوونەوە: راوچی حەسەن