لیوا یەحیا رەسووڵ: هەر نزیکبوونەوەیەک لە سنووری عێراق بە تووندى بەرپەرچ دەدرێتەوە

 رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیاند: سنوورى عێراق لەگەڵ سووریا پتەو کراوە و هەر نزیکبوونەوەیەک لەو سنوورە بە تووندى بەرپەرچ دەدرێتەوە.
 
لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "هێزە چەکدارەکانى عێراق ئامادەن و سنوورمان لەگەڵ سووریا پتەو کراوە لە رووى ئامادەیی هێزە سەربازییەکان و دابەشکردنى چەکى پاڵپشتى." 
 
لیوا یەحیا رەسووڵ گوتى: "لەگەڵ پاسەوانى سنوور، چەندین یەکەى سوپاى عێراق لە سنوورى نێوانمانن، بە درۆن چاودێریى سنوورەکە دەکرێت و هەمووان لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە هەر نزیکبوونەوەیەک لە سنوورى عێراق بە تووندى بەرپەرچ دەدرێتەوە".
 
لە 27ى تشرینى دووەمى 2024ـەوە دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی هاوپەیمانی کە دژبەری حکومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سووریان، دەستیان بە هێرش بۆ سەر رۆژئاوای حەلەب کرد و ناوەندی شارەکەیان کۆنترۆڵکرد.
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتى: "ئەوەى لە چەند رۆژى رابردوودا لە سووریا روویدا، ئاماژەیەکى مەترسیدارە، لە هەمان کاتدا دەبێت چاودێریی بکەین و ئامادەین و ئەگەر ئەو گرووپە تیرۆیستییانە لە سنوور نزیک ببنەوە، هێزەکانمان رووبەروویان دەبنەوە".
 
سنوورى نێوان عێراق و سووریا زیاتر لە 650 کیلۆمەتر دەبێت، بە گوتەى بەرپرسانى سەربازیى عێراق زیاتر لە 80%ى بە بەربەستى کۆنکرێتى گیراوە و بە کامێرا چاودێرى دەکرێت.
  
لیوا یەحیا رەسووڵ گوتى: "پاڵپشتیى سوپاى سووریا دەکرێت بۆ ئەوەى مەترسییەکە لە عێراق دوور بخرێتەوە، ئەگەر ئەو گرووپە تیرۆرستییانە کۆنتڕۆڵى سووریا بکەن کێشەى گەورەمان لەگەڵیان دەبێت".
 
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ پتەوکردنى سنوورەکانى بڕى 10 ملیار دینارى تەرخان کرد، بەشێکى زۆرى ئەو بودجەیە بۆ  سنوورى سووریا بوو.
 
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند: هاوئاهەنگییان لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى باڵا دایە وەک حکومەت و وەزارەتى بەرگری و پێشمەرگە لە رێگەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانەوە و گوتى: "شنگال ئارامە و مەترسى لەسەر نییە".