رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانى فەرمانی دا بە فەرماندە سەربازییەکان، چاودێریى جموجوڵى "گروپە تیرۆریستییەکان" بکەن لەنێو خاکى سووریا و رایگەیاند، "بەرپەرچى هەر هەڕەشەیەک دەدەینەوە کە زیان بە خاک و سەروەریى وڵات بگەیێنێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنى وەزارى بۆ ئاسایشى نیشتمانیى عێراق کۆبوونەوەیەکى "لەناکاو"ـی بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەنجامدا.
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى لیوا یەحیا رەسول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە رووداوەکانى سووریا و کۆنترۆڵکردنى چەند ناوچەیەکى ئەو وڵاتە کراوە لە لایەن ئەو گرووپانەى بە "تیرۆریست" ناوى بردوون.
لەو کۆبوونەوەیەدا سوودانى فەرمانى بە فەرماندە سەربازییەکان داوە چاودێریى جموجوڵى "گرووپە تیرۆریستییەکان" بکەن لەنێو خاکى سووریا و لە مەیدان ئامادە بن بەتایبەت لە سنوورە هاوبەشەکاندا.
لە 27ى تشرینى دووەمى 2024ـەوە دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی هاوپەیمانی کە دژبەری حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریان، دەستیان بە هێرش بۆ سەر رۆژئاوای حەلەب کرد و ناوەندی شارەکەیان کۆنترۆڵکرد.
سوودانى لە کۆبوونەوەکە گوتویەتى، "ئاسایشى عێراق کارى هەرە گرنگ و لەپێشینەى حکومەتە و بەرپەرچى هەر هەڕەشەیەک دەدەینەوە کە زیان بە خاک و سەروەریی وڵات بگەیێنێت".
سنوورى نێوان عێراق و سووریا زیاتر لە 650 کیلۆمەتر دەبێت، بە گوتەى بەرپرسانى سەربازیى عێراق زیاتر لە 80%ى بە بەربەستى کۆنکرێتى گیراوە و بە کامێرا چاودێرى دەکرێت.
بە گوێرەى راگەیێنراوەکەى لیوا یەحیا رەسول، بەشداربووانى کۆبوونەوەکە جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە دەبێت راگەیاندنەکان ورد بن لە گواستنەوەى زانیارییەکان و دواى ئەو "پڕوپاگەندانە" نەکەون کە کاریگەرییان لەسەر ئاسایشى نێوخۆ و ناسەقامگیریى دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ