گالەری

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
1 Photos
نەهرۆ محەممەد
رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەی گومرگەکانی عێراق رایگەیاند، داهاتیان زۆر زیادی کردووە و ئەم ساڵ دەگاتە دوو تریلیۆن دینار. 
 
حەسەن حەمود عگێلی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، بەهۆی چاکسازییەکان و بە ئەلیکترۆنیکردنی دەروازەکان، گەندەڵی و دەستوەردانی مرۆیی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
 
داهاتی ساڵی 2022ی دەروازە سنوورییەکانی عێراق 807 ملیار دینار بوو، بە گوتەی عگێلی بەهۆی بە ئەلیکتڕۆنیکردنی دەروازەکان، داهاتی پاریان گەیشتتووەتە یەک تریلیۆن و 33 ملیار دینار.
 
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق دەڵێت، "ئەم ساڵ تاوەکو مانگی ئاب داهاتی گومرگەکان گەیشتووەتە یەک ترلیۆن و 328 ملیار دینار و تاوەکو کۆتایی ساڵ دەگاتە دوو تریلیۆن دینار".
 
لەبارەی داهاتی نانەوتی، د. مەنار عوبێدی، سەرۆکی ناوەندیی عێراقی ئایندە بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاری ئابووری، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داهاتی نانەوتی عێراق لە نۆ مانگی ئەم ساڵدا بە رێژەی 198٪ زیادیکردووە، بەربەستی 12.3٪ی تێپەڕاندووە لە کۆی گشتیی بەشداریکردن لە داهاتی دەوڵەتی عێراق دا. 
 
بەگوتەی د. مەنار عوبێدی، کۆی داهاتی نانەوتی عێراق لەو ماوەیەدا 14 تریلیۆن دینارە، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەرزبووەوە، کە نزیکەی 4.7 تریلیۆن دینار بوو.
 
سەرۆکی ناوەندیی عێراقی ئایندە بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاری ئابووریی دەڵێت، یەکەم جارە لە 2003وە، داهاتی نانەوتی رێژەی 12٪ی کۆی گشتیی داهاتەکان پێکدەهێنێت.
 
ئەو شارەزا ئابوورییە پێیوایە باشبوونی داهاتی نانەوتی، بەرئەنجامی ئەو چاکسازییانەیە، کە لە بوارەکانی باج و گومرگ کراون لەگەڵ هاندانی کۆمپانیا گشتییەکان بۆ ئەوەی لە داهاتی حکومی بەشداربن. 
 
د. مەنار عوبێدی پێشبینی دەکات داهاتی نانەوتی ئەم ساڵ بگاتە 18 تریلیۆن دینار، بەڵام بەگوتەی عوبێدی هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ژمارەی کە لە بودجەدا پلانی بۆ دانراوە، کە نزیکەی 28 تریلیۆن دینارە.