رووداو دیجیتاڵ
ئاستی ئاوی رووباری دیجلە بەجۆرێک وشکی کردووە لق و پەلوپۆی وشکی دارسێو و خۆخ و قەیسی لە چەند سەد مەترێک لە دووری رووبارەکە کەوتوونەتە سەر زەوی، بەشێک لە باخەکانی سەر رۆخی رووبارەکەش کاتێک لە ئاسمانەوە سەیرییان بکەیت بە سەوزی دەیانبینیت بەڵام لە راستیدا لە تینیوێتیدا وشک بووە.
دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەکە و بێبارانی تەواوی دار و درەخت و زەوی لەو ناوچەیە وشک کردوون، شاکر عەباس کە جووتیارێکە لە ناوچەکە دەستی کردووە بە بڕینەوەی دارە وشکبووەکە و دەڵێت، "سەبارەت بە درەختەکان، ئەوەیان بەهۆی بێئاوییەوە وشكبووە، لەولاش دارسێو و قەیسی وشکبووە. درەختەکان خەریکە لە تینوویێتیدا دەمرن. ئاومان پێ ناگات، ئەگەرچی تەنیا 100 مەتر لە رووبارەکەوە دوورین."
وشکەساڵی، شاکر و جووتیارەکانی دیکەی ناچارکردووە ئیدی ئەو میوە و دانەوێڵانە نەڕوێنن کە بەربوومیان بەرگەی کەمئاوی و گەرمای عێراق ناگرێت.
شاکر عەباس دەشڵێت، "ئێستا روو لە کوێ بکەین. ئەگەر برنجە، بەرهەمی نییە، ئەگەر گەنمە بەرهەمی نییە، لە کاتێکدا پێشتر عێراق هەناردەی دەکردن. ئێستا نییە."
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، رووبەری زەوییە شێدارەکانی عێراق 20 هەزار کیلۆمەتر دووجا بوو. ئێستا بۆ تەنیا 4 هەزار کیلۆمەتر دووجا کەمبووەتەوە، واتە تەنیا چارەکێکی ماوە.
محەممەد خوزاحی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، "قەیرانێکی گەورە هەیە، قەیرانی کەمئاوی، قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا. سەدان هەزار جووتیار و رەزڤان لەم ناوچانە ئەو تاکە سەرچاوەی داهاتەی هەیانبوو، لەدەستیانداوە، کە جگە لە کشتوکاڵ هیچیان نییە."
کەمئاوی هەروەها بووەتە هۆی زیادبوونی سوێریی خاک و کۆچکردنی خەڵک بەدوای نشینگەیەکی بەپیت و ئاودار و پڕ لە لەوەڕ.
رێکخراوی ئەنجوومەنی نەرویجیی پەنابەران لە دوایین راپۆرتیدا دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق خێراترە لەوەی خەڵکەکە بتوانێت خۆی لەگەڵ بگونجێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ