بوومەلەرزەزانیی عێراق: مانگی رابردوو 20 بوومەلەرزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان روویانداوە

 
رووداو دیجیتاڵ

مانگی رابردوو 58 بوومەلەرزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراقەوە تۆمار کراون کە 20یان لە نێوخۆدا روویانداوە.

عەلی عەبدولخالق، بەڕێوەبەری بەشی بوومەلەرزەزانی لە دەستەی کەشناسیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مانگی رابردوو 58 بوومەلەرزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەستیان پێکراوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و مادیان نەبووە."
 
بە گوتەی عەلی عەبدولخالق، "20 لەو بوومەلەرزانە چەقی روودانیان لەنێو خاکی عێراق بووە. ئەو بوومەلەرزانەش کە لە نێو وڵاتانی دراوسێ روویانداوە و لەنێو عێراق هەستیانپێکراوە، 21ـیان لەنێو ئێران، 14یان لە تورکیا، دووانیان لە سعودیە و ئەوی دیکەش لە سووریا بووە."
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، کۆی گشتی ئەو بوومەلەرزانەی مانگی ئەیلوول لە عێراق هەستیان پێکراوە 48 بوومەلەرزە بوون کە 18ـیان چەقی روودانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بووە.