نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئیستەنبووڵ
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە و لەبارەی ئەو بابەتانە قسەیان کرد کە جێگەی بایەخی هەردوولان.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، رێکارەکانی کاراکردنی یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکان و رێککەوتنە هاوبەشەکان کردووە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد؛ هەروەها باسیان لەو هەڕەشانە کرد کە قەوارەی زایۆنی بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری دروستیان دەکات، ئەوەش بە دووژمنکارییە بەردەوامەکانی بۆ سەر غەززە و لوبنان، هەروەها دەستدرێژییەکانی بۆ سەر چەندین دەوڵەتی ناوچەکە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری تورکیا یەک هەڵوێستییان لە بەرامبەر دوایین پێشهاتە مەترسیدارەکانی ناوچەکە دووپاتکردەوە؛ هەروەها هانی وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دا هەوڵی تەواوی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست؛ هەروەها کاربکەن بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی دوژمنکارییەکان و دەستپێکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و پارێزگاریکردن لە فەڵەستینییەکان لە خاکی مێژوویی خۆیان".
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، "هەر لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێکارەکانی کاراکردنی یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکان و رێککەوتنە هاوبەشەکان لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری و گەشەپێدان تاوتوێکران".
نیسانی ئەم ساڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ شاندێکی یاوەری سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد. لە سەردانەکەدا، ئەنقەرە و بەغدا 26 رێککەوتنیان لە بوارە جیاوازەکاندا واژۆ کرد.