رووداو دیجیتاڵ
گلەیی و تێبینیەکانی کورد سەرۆک کۆمار، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەشێک لە وەزیرانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان عێراقی لە کۆشکی بەغدا کۆکردنەوە. سوودانی بەڵێنی دا نیگەرانییەکان لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بیانخاتەڕوو و بەپێی توانا، شێوازی بەڕێوەچوونی سەرژمێرییەکە بگۆڕدرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێ لە کاتی سەرژمێری، شوێنی رەسەنی کەسەکان بنووسرێت نەک شوێنی نیشتەجێبوونی ئێستایان. هەروەها دەڵێ دەبێ داتا و زانیارییەکانی سەرژمێرییەکە لەبەر دەستی هەولێریش بێت.
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت: "وەزیری پلاندانانی فیدراڵ گوتی کە پرۆسەکەیان زۆر شەفافە. گوتیشی پێشوازی لە تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داتا سەنتەری مەرکەزی لە وەزارەتی پلاندانان دەکەین بۆ ئەوەی بەیەکەوە پڕۆسەکە بەڕێوەببەین. ئەو کاتەی کە ئێستا ماوە، یارمەتیدەر نییە بۆ ئەوەی بتوانین گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان بکەین و داتاسەنتەرێکی تایبەت لە هەولێر دابمەزرێنین."
کۆچی پێچەوانە و نیشتەجێبوونی خەڵکی پارێزگاکانی دیکە لە پارێزگا کێشەلەسەرەکان، وایکردووە تورکمانیش هاوشێوەی کورد داوا بکات سەرژمێری دیموگرافیای دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر نەکاتە دیفاکتۆ.
ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی دەڵێت: "پێویستە فەرمانێک لە دیوانی سەرۆکوەزیرانەوە هەبێت کە نابێت پشت بە هیچ جۆرە سەرژمێرییەکی سیاسی ببەسترێت، بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرژمێریی ساڵی 1957، بە پێچەوانەوە هیچ چارەیەکی دیکەمان نییە و پێی رازی نابین."
37 ساڵە لە هەرێمی کوردستان و 27 ساڵیشە لە عێراق سەرژمێری نەکراوە، بەڵام شێوازی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی، هاواری لە کورد و نەتەوە ناعەرەبەکانی عێراق هەستاندووە.
سوودانی کاژێر و نیوێک بە وردی گوێی لە تێبینیی و نیگەرانییەکان گرت. پەیام یەک شت بوو، تەعریبێکی نوێ بەناوی سەرژمێرییەوە بەڕێوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ