سەرۆکى دەزگاى دژەتیرۆرى عێراق لە پۆستەکەى لادرا

رووداو دیجیتاڵ

بەبڕیارى محەممەد شیاع سوودانى، هەر یەک لە سەرۆکى دەزگاى دژەتیرۆرى عێراق و فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا لە پۆستەکانیان لادران، گوتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانیش  دەڵێت "گۆڕانکارییەکان لەبەر پێویستى کارى سەربازیى بووە بۆ قۆناخى داهاتوو."
 
رۆژی 1ـی تشرینى یەکەمى 2023، لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان، فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدى، لە پۆستى سەرۆکى دەزگاى دژە تیرۆری عێراق لادرا و لەبرى ئەو، فەریق روکن کەریم عەبوود محەممەد کرایە سەرۆکى دەزگاکە.
 
عەبدولوەهاب ساعدى لە ساڵى 2020 بە فەرمانى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى پێشوو کرایە سەرۆکى دەزگاى دژەتیرۆر. 
 
یەکێکى دیکە لەو گۆڕانکارییانەى، کە سوودانى فەرمانی لەبارەیەوە داوە، گواستنەوەى فەریق روکن ئەحمەد سەلیم، فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا بووە بۆ وەزارەتى بەرگرى و لە جێگەى ئەو، لیوا روکن وەلید خەلیفە مەجید کرایە فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا.
 
لیوا یەحیا رەسوڵ دەڵێت "گۆڕانکارییەکان لەبەر پێویستى کارى سەربازیى بوون بۆ قۆناخى داهاتوو".