خانەنشینانی عێراق 100 هەزار دینارە زیادەکەیان وەرگرت

رووداو  دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق ئەمڕۆ دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ـی چاودێریی کۆمەڵایەتی و خانەنشینان کرد، ئەو خانەنشینانەی مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە، 100 هەزار دینار خرایە سەر مووچەکەیان.
 
ماهر حوسێن بەیاتی، سەرۆکی دەستەی نیشتمانی خانەنشینی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 01-11-2023) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی تەواوی خانەنشینان بە مەدەنی و سەربازییەوە دەستیپێکرد و داوا لە خانەنشینان دەکەن سەردانی لقەکانی بانکەکان و دەروازەکانی پێدانی ئەلیکترۆنی بکەن، ئەوانە بڕیاری زیادکردنەکە دەیانگرێتەوە، بڕی 100 هەزار دینارە زیادەکەش وەردەگرن.
 
بانکی رەشید، کە بانکێکی حکومییە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دەستیانکردووە بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینی مەدەنی و سەربازی، لەگەڵ ئەو زیادەشی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ خانەنشیان بڕیاری لێ داوە.
 
هەروەها ئەحمەدی ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا  گوتی ئەمڕۆ خەرجکردنی هاوکاریی کۆمەڵایەتی مانگی تشرینی دووەم بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن خێزان دەستیپێکرد، کۆی گشتیی سەروو 443 ملیار دینارە. ئەسەدی دەڵێت کۆی گشتیی ئەوانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، دوو ملیۆن و هەزار و 940 خێزانە، دوای ئەوەی 67 هەزار خێزانی دیکە زیادکراون.
  
رۆژی 24ـی ئۆکتۆبەری 2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد، لەنێویاندا زیادکردنی 100 هەزار دینار بۆ ئەو خانەنشینانەی مووچەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە.
 
ماهیر حوسێن، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی عێراق لە رۆژی چوارشەممە، 25-10-2023 لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ملیۆنێک و 42 هەزار و 932 خانەنشین سوودمەند دەبن."
 
بەگوتەی سەرۆکی دەستەی خانەنشینی، ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران، مانگانە 164 مليار و 293 مليۆن دينار بۆ خەرجییەکانی حکومەت زیاد دەکات، گەنجینەی گشتی 110 ملیار و 891 ملیۆن دینار لەئەستۆ دەگرێت و سندووقی خانەنشینیی گشتی پارەکەی دیکە، کە دەکاتە 53 ملیار و 401 ملیۆن و 500 هەزار دینار، لەئەستۆ دەگرێت.