رووداو دیجیتاڵ
کوردانی پارێزگای نەینەوا داوای یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان دەکەن و چاوەڕێن لەم هەڵبژاردنەش نزیکەی نیوەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ببەنەوە.
نەواف سەعدون، بانگەشە بۆ خۆی و لیستەکەی دەکات کە پارتی دیموکراتی کوردستانە دەڵێت، "ئێمە هەوڵدەدەین لە ڕێگەی ئاشتییەوە، وەکو ئەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی فێری کردووین مافی خۆمان بەپێی دەستوور و یاسا وەربگرین، هەر مافێکیشمان هەبێت بەدەستی دەهێنین بەپێی یاسا، بڕوام وایە شەش بۆ هەشت کورسی بەدەست دەهێنین و سەرۆکی ئەنجوومەنیش بەدەست دەهێنین کەهەمووان چاویان لێیە."
زۆری دانیشتووانی کورد و کەمی بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی پارێزگاکە، وایکردووە کوردانی نەینەوا داوای یەک هەڵوێستی و نزیکی زیاتری لایەنە کوردستانییەکان بکەن لەو پارێزگایە.
شێخ زاکر سلێمان، مامۆستایە لە پارێزگای نەینەوا و داوایەکی کرد و گوتی، "ئێمە وەکو کورد داوا دەکەین یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن، بۆ ئەوەی دەنگمان لەموسڵ نەفەوتێت پێویستە یەک دەنگبین."
مللـەت ئەمین، یەکێکە لە بازرگانەکانی ناوچەکە، باس لەوە دەکات کە ئەو لەوێ داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات یەک دەنگ و یەک رەنگبن تاوەکو بتوانن مافی کوردان بەدەست بهێنن ، دەشڵێت، "ئومێدەوارین هەموو لایەنەسیاسیەکان بگەنە چارەسەرێک بۆ مافەکانمان."
یەکێک لە فەرمانبەرەکانی نەینەواش بە ناوی زیاب عەزیز، دەڵێت، "بێگومان ئەمە داوای گەلە کە دەیانەوێت سەرۆک مەسعود بارزانی و حیزبە کوردییەکان بەیەک دەنگ بچنە نێو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان."
هەرچەندە ئامارێکی فەرمی نییە لەسەر رێژەی کورد لە پارێزگای نەینەوا بەڵام بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن، کورد زیاتر لە لەسەدا30٪ـی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە پێکدەهێنێت.
هەرچەندە لە زۆربەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش کورد لە موسڵ زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێناوە، بەڵام نەیانتوانیوە تەواوی مافەکانی کورد و پۆستە ئیداری ئەمنیەکانیش کە شایستەی کوردن لەم شارە پڕبکەنەوە، بۆیە کوردانی موسڵ داوای یەک ڕیزی لەلایەنەسیاسیەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەمجارە بەیەک دەنگ بتوانن مافەکانی کورد دەستەبەر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ