رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا و یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان. هەروەها لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ئەنجوومەنەکە بڕیاریداوە کە بڕیارەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر هەڵبوەشێنێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، 01-11-2022ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بڕیاردرا بە دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا و یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، کە ژمارەیان زیاتر لە 74 هەزار کەس دەبێت.
هەروەها هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە سەرجەم ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێندرێنەوە کە لەسەردەمی حکومەتی کاربەڕێکەری مستەفا کازمی دەرکراون.
لە 8-10-2021 بە دواوە مستەفا کازمی وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر کاروباری حکومەتی بەڕێوەبرد و کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردن؛ لەوانە، دامەرزاندنی کۆمەڵێک کەس لە پۆستە باڵاکان و لەسەر ئەم بنچینەیە دامەزراندنیان هەڵدەوشێتەوە وەک رائید جوحی لە پۆستی سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی عێراق و موهەننەد رەحیم وەک راوێژکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی وڵات.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانی داوای لە وەزیرەکانی کابینەکەی کرد سەردانی پارێزگاکان بکەن و هەروەها هاوئاهەنگییان لەگەڵ پارێزگارەکان و پەرلەمان هەبێت و ئەو گرێبەستانەی گومانی گەندەڵییان لێدەکرێت هەڵیانبووەشێننەوە و کەسانی تۆمەتبار و کەمتەرخەم بدەنە دادگە.
رۆژی 27ی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى عێراق بە ئامادەبوونى 253 پەرلەمانتار کۆبووەوە بۆ دەنگدان بە کابینەى نوێى حکومەت بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى و کارنامەى حکومەتەکەى. لە کۆبوونەوەکەدا 21 بەربژێرى وەزارەتەکان پەسند کران، بەڵام یەکلاکردنەوەى هەردوو وەزارەتى ژینگە، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دواخرا کە لە پشکى کوردن و تاوەکو ئێستا یەکێتى و پارتى لە سەریان رێکنەکەوتوون.
رۆژی هەینیی رابردوو 28-10-2022 دوای یەک رۆژ لە وەرگرتنی متمانەی پەرلەمانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی کابینەکەی کرد و داوای لە وەزیرانی حکومەت کرد لە ماوەی یەک هەفتەدا سامانیان بۆ دەستەی دەستپاکی ئاشکرا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ