پەرلەمانتارێکى عێراق: ئامێرى پزیشکى کڕدراوە کە دەبێتە هۆى مردنى نەخۆش

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، 2000 ئامێرى هەناسەدانى دەستکرد لەلایەن وەزارەتى تەندروستییەوە کڕدراون، ئەگەر نەخۆش لە نەخۆشخانەکاندا بەکاریان بهێنایە، "ئەگەر هەبوو گیان لەدەستبدەن."
 
باسم خەشان، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "2000 ئامێرى هەناسەدانى دەستکرد لەلایەن وەزارەتى تەندروستیی عێراقەوە کڕدراون، بەڵام بەکارنەهێندراون و لەلایەن دەستەى دەستپاکییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە."
 
سەبارەت بە کێشەی ئامێرەکان، ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتى، "پاتریى ئەو ئامێرانە دەرهێندرابوون کە بۆ دۆخى پچڕانى کارەبا کار دەکەن و ئەگەر لە نەخۆشخانەکاندا بەکاربهێندرانایە و کارەبا بپچڕایە، ئەو نەخۆشەى لەژێر ئەو ئامێرەدا بوو راستەوخۆ گیانى لەدەستدەدا."
 
بە گوتەى باسم خەشان، 520 دانە لەو ئامێرانە کە بۆ "دۆخى زۆر قورسە" رەوانەى نەخۆشخانەى موسەناى ناوەندى پارێزگاى میسان کراوە و ئەو دۆسیەیان بردووەتە دەستەى دەستپاکیى عێراق و دەستەکە بڕیاریداوە دەستبگرێت بەسەر ئەو ئامێرانەدا.
 
لەدواى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا لە ساڵى 2020 و پێویستیى بەشێک لە تووشبووانى ئەو پەتایە بە هەناسەدانى دەستکرد، وەزارەتى تەندروستى ئەو ئامێرانەى هاوردە کردووە.
 
پەرلەمانتارەکەى عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، نرخى یەک ئامێرى لەو جۆرە 400 دۆلارى ئەمریکییە، بەو پێیەش 800 هەزار دۆلار دراوە بەو ئامێرانە.