رووداو - AFP
ماوەی هەشت رۆژە خۆپیشاندان بە چڕی لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق دەستیپێکردووەتەوە و بەگوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق، تاوەکو ئێستا 250 خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش برینداربوون.
خۆپیشاندەران لە نەجەف داوای هەڵوەشاندنەوەی سیستمی سیاسی دەکەن، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح رایگەیاند، سیستمی پەرلەمانی لە عێراق شکستیهێنا و پێویستە بەدوای سیستەمێکی نوێدا بگەڕێین.
لە نوێترین راگەیێندراویدا سەبارەت بە پێشهاتەکانی نێو عێراق، هادی عامری رایگەیاند: سیستمی پەرلەمانیی عێراق سەلماندی کە شکستیهێناوە و پێویستە بەدوای سیستمێکی سیاسیی نوێدا بگەڕێین کە لەگەڵ رەوشی عێراق گونجاو و شیاو بێت.
زۆربەی خۆپیشاندەرانی عێراق گەنجن، بە گڕ و تینێکی زیاترەوە چوونەتە سەر شەقام داوای بنبڕکردنی گەندەڵی و خۆشگوزەرانی دەکەن.
خۆپیشاندەرێکی خەڵکی بەغدا دەڵێت "ئێمەی گەنج هاتینە دەرەوە، ئێمە کۆمەڵێک گەنجی ئاشتیخوازین. هاتووین مافەکانمان وەربگرین؛ ئەو مافانەی کە 15 ساڵە لێمان زەوتدەکرێن. پارتە سیاسییەکان گەندەڵن، ئەوان 15 ساڵە بەڵێنی چاکسازی دەدەن، بەڵام جگە لە درۆ هیچ شتێکیان نەکردووە و هیچ چاکسازییەکی راستەقینەمان نەبینیووە".
سەرەڕای ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا هاتووچۆکردنی قەدەخەکردبوو، بەڵام تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەغدا خۆپیشاندان بەردەوام بوو، ئەمڕۆش بە هەزاران خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر ئامادەن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ملیۆنی.