لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار بۆ رووداو: هێرشکراوەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد

01-10-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار راگەیاند، هێرش کراوەتە سەر بنکەى سەربازیى عەین ئەسەد، پارچەى دوو مووشەکیش لەو پارێزگایە کەوتوونەتە خوارەوە و گومان دەکرێت ئێرانى بووبن.
 
ئەمشەو 1ى تشرینى یەکەم سەعد محەممەدى، سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە رێگەى ئەو زانیارییانەى لە بەرپرسانى ئەمنیى پارێزگاکە وەریگرتوون، هێرش کراوەتە سەر ‌هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە بنکەى سەربازیى عەین ئەسەد.
 
سەعد محەممەدى گوتیشی، "زانیارییەکان لەبارەى ھێرشەکەى سەر بنکەى سەربازیى عەین ئەسەد بەرایین و وردەکارییەکەى دیار نییە کە بە مووشەک بووە یان درۆن."
 
بنکەى سەربازیى عەین ئەسەد لە ئەنبار، سوپاى عێراق و هێزەکانى هاوپەیمانى دژى داعشی تێدایە، ئەمڕۆ سێشەممە، گرووپە چەکدارە شیعەکانى نزیک لە ئێران، کە خۆیان بە مووقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق دەناسێنن، رایانگەیاند بە ئامانجگرتنى بنکەى عەین ئەسەد وەک ئەوەى ئەمریکییەکان باسی دەکەن "گوماناوییە" و ئەگەر هەیە گرووپێکى سەر بە ئەمریکییەکان ئەو هێرشەیان کردبێت.
 
ئەو هێرشە بۆ سەر بنکەى عەیب ئەسەد هاوکات بوو لەگەڵ هێرشیى مووشەکى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.
 
سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار راگەیاند پارچەى دوو مووشەک لە ناوچەکانى سەچەر، خالیدییە کەوتوونەتە خوارەوە و گومان دەکرێت مووشەکى ئێرانى بووبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە