دەست بەسەر ئەو سەکۆیەدا گیرا کە فڕۆکەخانەی بەغدای پێ بۆردوومان کرا

01-10-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوو مووشەک ئاراستەى فڕۆکەخانەى بەغدا کران، کە یەکێکیان بە پارکى هێزەکانى دژەتیرۆر کەوتووە، بەگوتەى سەرچاوەیەکى شانەى راگەیاندنى ئەمنى 'دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گیراوە، کە سەکۆی مووشەکەکانى تێدا بووە."
 
میدیاى فەرمیی عێراق بڵاویکردەوە؛ شەوى رابردوو (دووشەممە، 30-9-2024) دوو مووشەکى کاتیۆشا ئاراستەى چەند پێگەیەکى نێو فڕۆکەخانەى بەغدا کران. 
 
شانەى راگەیاندنى ئەمنى لەسەر زارى سەرچاوەیەکى ئەمنیی رێگەپێدراوەوە بە میدیاى فەرمیی عێراقى راگەیاند، یەکێک لەو مووشەکانە لە پارکی تایبەت بە فەوجى دووى هێزەکانى دژەتیرۆر کەوتووە، مووشەکەکەى دیکەش لە گۆڕەپانێکى نێو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی بەغدا کەوتووە و هیچ زیانێکى گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
 
میدیایى فەرمیی عێراق ئاماژەى بەوە داوە؛ هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکى جۆرى کیا دا گرتووتەوە، کە سەکۆى ئاراستەکردنى ئەو کاتیۆشایانەى لەسەر بووە. 
 
ئەو ئۆتۆمبێلە لە گوندى عەسریە لە ناوچەى عامرییەى بەغداى پایتەخت دەستى بەسەردا گیراوە، چەند مووشەکێکى تێدا بووە، کە نەتەقێندراون و چەند مووشەکێکى دیکەش لە نزیک ئۆتۆمبێلەکە تەقیونەتەوە. 
 
سەرچاوە ئەمنییەکەى عێراق ئاماژەى بەوە داوە؛ شارەزایانى بەڵگەى تاوان و تەقەمەنى ئەو مووشەکانەیان پووچەڵ کردوونەتەوە، کە نەتەقێندراون.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە