سەرۆکی ئەسقوفەکانی موسڵ: داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیە دەکەین

01-10-2023
هێمن بابان رەحیم
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ.
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ.
نیشانەکردن ئاگرکەوتنەوە لە حەمدانیە ئاگرکەوتنەوە لە حەمدانییە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ دەڵێت ئەنجامی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیە رەتدەکەنەوە و 24 کاژێریش دەداتە حکومەت بۆ کشاندنەوەی راپۆرتەکە، داواش دەکات لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات.
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 1-10-2023، مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ، ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵەکەی قەزای حەمدانیە رەتکردەوە و داوایکرد دووبارە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێتەوە.
 
ئەو پیاوە ئاینییە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە حەمدانیە، کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویشی لێ بوو، رایگەیاند: "بابەتی یەکەم و سەرەکی کە ئێمە بینیمان ئەنجامەکان بێ ئومێدی کردین، بەهیچ شێوەیەک جێی رەزامەندیی نەبوون، چونکە ئەم ئەنجامانە ئێمە پێش دوو سێ رۆژ لەمەوپێش لە گەلەوە گوێمان لێبوو."
 
ئەمرۆ یەکشەممە، 1-10-2023، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵەکەی حەمدانیە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئاشکراکرد و یارییە ئاگرینەکانی بە سەرچاوەی ئاگرەکە زانی کە دەڵێت "بە ئەنقەست نەبووە". لیژنەکە، کەرەستەکانی بەکارهاتوو لە هۆڵەکە لەوانە سەندەویچ پەنەل، نەبوونی دەرگای فریاگوزاری، زۆریی ئامادەبووانی هۆڵەکە، کە 900 کەس بوون و پچڕاندنی کارەبا بە هۆکاری زیادبوونی قوربانیان دادەنرێت.
 
سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ، دەڵێت: "ئایا سەندەویچ پەنەڵ بەو خێراییە دەسووتێت؟ ئومێد دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی دیکە بکرێت و هەمان ئەو سەندەویچ پەنەڵە بهێنرێت و لەبەردەم گەل بسووتێندرێت بۆ ئەوەی ئەو خێراییە ببیندرێت کە تێیدایە، شتی نالۆژێکی لەو لێکۆڵینەوە هەیە، کە سەرمان لێی سوڕمان."
 
سەبارەت یارییە ئاگرینەکانیش کە لیژنەی لێکۆڵینەوە بە سەرچاوەی ئاگرەکەی دەزانێت، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ، دەڵێت: "باسی یارییە ئاگرینەکان دەکرێت، کەسێک هەمان ئەو ئامێرەی هێناوە و ناسووتێت، ئەی چۆن ئەوە سووتان، چۆن ئەو ئاگرەی دروستکرد، کەمتەرخەمی راستەقینە کێیە ئێمە ئەمڕۆ نایبینین."
 
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە راسپاردەکانیدا داوای لەسەرکارلابردن و دادگاییکردنی پێنج بەرپرسی سنوورەکەی کردووە لەنێویاندا قایمقامی حەمدانیە.
 
سەبارەت بە راسپاردەکانی لیژنەکە کە تێیدا بڕیاری لەسەر کار لابردن و دادگاییکردنی پێنج بەرپرسی قەزای حەمدانیە دابوو، دەڵێت: "ئێمە وەکو سەرەتا دەڵێین لەگەڵ هەموو رێزێکدا  ئەو بڕیارە رەتکراوەتەوە، هیچ پیشەییەکی تێدانییە وەکو ئەوەی گوێمان لێبوو."
 
مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ، داوایکرد لێژنەیەکی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات و گوتی "بەڵێ ئێمە داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەکەین، داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەکەین، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ستراتیژییەت و بنچینە بێت.. گونجاوە هاووڵاتی بزانێت ئەنجامەکە چۆن دەبێت؟ شتێکی شەرمهێنەرە، شتێکی شەرمهێنەرە هاووڵاتی پێش دەوڵەت ئەنجامی لێکۆڵینەوە بزانێت."
 
هەروەها بە رژدبوونیشەوە گوتیشی: "ئێمە لەسەر ئەوە بێدەنگ نابین، قۆناخی داهاتوو چی دەبێت، ئێمە ئێستا کۆبوونەوەیەکمان هەیە لە ئەبرەشییە و دواتر لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسانی ناوچەکە و هەنگاوی داهاتوومان دەبێت، بەڵام ئێستا ئێمە ئەنجامەکان رەتدەکەینەوە."
 
مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ، پێشتر هەڕەشەی مانگرتنی کردبوو، ئەو لەبارەی مانگرتنەوە گوتی: "بەڵێ ئێمە بەڵێنمان دا بە راپەڕین، بەڵام هەنگاوی دیکەمان دەبێ بیکەین، بەڵام ئەم بڕیارە وەکو سەرەتا ئەوەیە ئەنجامەکان رەتدەکەینەوە، بەهیچ شێوەیەک بێدەنگ نابین، بەرگریش دەکەین، با حکومەت بزانێت ئێمە بەرگری دەکەین، بەتەنیا لەو رۆڵانەمان نا کە سووتان، بەڵکو بەرگری لەو رۆڵانەش دەکەین کە بەرپرسیارێتیان لە فەرمانگەکانی دەوڵەت هەیە، رەنگە دۆخەکە لە دژیان گرژ بکرێت، تەسفییەی حیزبی هەیە لە دژیان."
 
گوتیشی: "بەرگری لەو رۆڵانەمان دەکەین، کە بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی دەوڵەتن، ئەوانەش رۆڵەی ئێمەن، هەروا دانانیشین کە دوای ئەوەی کارەساتی یەکەممان بەسەردا هات، کارەساتی دیکەشی بەدوادا بێت، وەکو ئەوەی بزانین چی روودەدات، بۆیە داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەین دووبارە بە پسپۆڕانی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە بکرێت، ئەو راپۆرتەی هەیە پێی رازی نین."
 
مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ پێیوایە: "تەسفیەی سیاسیی و ناکۆکیی حیزبی" لە ناوچەکەیان رۆچووەتە نێو راپۆرتەکە و دەڵێت، هێشتا ئەوانەی کە هۆکاری سەرەکیی پشت رووداوەکەوەن ناویاننەبراوە." دەشڵێت: "بەڵێ پێموایە ئەو جۆرە راپۆرتە و وەکو دەریخستووە ئەو کەسانەی لابراون لە بنچینەدا ناکۆکیی سیاسییان هەبووە، ئەمڕۆ گومانەکان هەن و ئیدی سیاسیی بە سیاسیی لێدەدرێت و لەسەر حسابی خەڵک، ئێمە نامانەوێت خەڵکی دیکە بێن و ستەم بکەن.. ئێمە هەستدەکەین راپۆرتەکە راپۆرتێکی سادە و ئاسایی بوو، نە مەیدانی بوو، نە پیشەیی بوو، هیچی نوێی تێدا نەبوو."
 
درێژە بە قسەکانیشی دەدات و دەڵێت: "باشە ئەی ئەوانە کە بڕیاریان بۆ دەهات بۆ لە شوێنی دیکەوە بڕیاریان بۆ نەدەهات؟ لە وەزارەتەکانەوە نەدەهات؟ کەسانی دەستڕۆیشتوو نەبوون؟ کەسانێک نەبوون ناچاریان بکەن؟ باشە چۆن ئەو کەسە لەسەر ئەو بابەتە بێدەنگ دەبوو؟ شوێنێکی دیکە هەبووە و باڵاتربووە و هەڕەشەی لێدەکرد و بێدەنگی دەکرد و لە فڵان کەس و بەرپرسەوە نووسراو و تەلەفۆنی بۆ دەهات، بۆ جەنابی وەزیری ناوخۆ نازانێت وڵات چۆن بەڕێوەدەچێت؟"
 
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە راسپاردەکانی داوای دوورخستنەوەی ژمارەیەک بەرپرس و دادگاییکردنیان دەکات.
 
مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ دەڵێت: "دەیانەوێت تاوانەکە بکەوێتە سەر کەسانی بێ گوناهـ، ئێمە ئەمڕۆ دەزانین کە نیوەی فەرمانگەکانی دەوڵەت حیزبەکان و میلیشیاکان بەڕێوەدەبەن، نابێت بێدەنگ بین و بیخەینە سەر بەڕێوەبەرێکی بێ گوناهـ، کە نە توانای هەیە نە دەسەڵات، ئەمەت دەرکرد، بەیانی میلیشییایەکی دیکەم بۆ دەهێنێت، گەندەڵێکی دیکە دەهێنێت، باشە من چی سوودم پێدەگات ئەگەر سەرەگەورەکە نەگریت، بۆیە ئێمە بەو بڕیارانەی هەن رازی نابین، ئێمە هیچ بڕیارێک نادەین جارێ، بەڵام 24 کاژێر مۆڵەت دەدەین بۆ کشانەوەی ئەو راپۆرتە و بابەتە بە جیدی وەربگرن و دواتر بڕیار دەدەین، ئەگەر بڕیارمان دا لەمانگرتن زیاتر نابێت، ئەوە بەهێزترین بڕیارمان دەبێت."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ، بەڵێن دەدات و دەڵێت: "حکومەتی ئازیزمان ئێمە یاری ناکەین، من یاری ناکەم، من کوڕەکانم رۆیشتن، من باوکم، کوڕەکانم تیاچوون، لە کوڕەکانم خۆشەویستترم نییە بیدۆڕێنم، هیچ شتێکم نییە بیدۆڕێنم، یان مافی کوڕەکەمان بەدەستدەهێنم یان ئەمە مانای نییە."
 
ئاگرەکە کە شەوی سێشەممەی رابردوو لە هۆڵی هەیسەم کەوتەوە، زۆر بەخێرایی تەشەنەی سەند و بووە هۆی رووخانی بنمیچی هۆڵەکە. لیوا سەعد فالح کەسار دلێمی، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دروستکراوە، لە کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکەی ئەمڕۆ، جگە لەوەی گوتی 107 کەس بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 82 کەسیش بریندارن، گوتی بەرگریی شارستانی دوو ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی بەکارهێناوە، دوای کە ئاگرەکە زیاتر بووە، 21 ئۆتۆمبێل ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە." دەشڵێت "600 کەس لەنێو هۆڵەکە بە یارمەتیی پۆلیس و سوپا و حەشدی شەعبی رزگارکراون."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەغدا

کێشە دەکەوێتە نێوان وەزارەتى بەرگریی عێراق و ئەفسەرێک

ئەفسەرێکى وەزارەتى بەرگریى عێراق بانگەشەى ئەوە دەکات کە بە هۆکارى سیاسی پلە بەرزکردنەوەى راگیراوە؛ ئەو وەزارەتەش تۆمەتباری دەکات بەوەى، وەکو بەڕێوەبەرى نووسینگەى وەزیر خۆى ناساندووە و دادگایی دەکرێت