رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵەکەی حەمدانیە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئاشکرا کرد و دەڵێت، "بەهۆی یاریی ئاگرینەوە بووە." لیژنەی لێکۆڵینەوە لە راسپاردەکانیدا داوای لەسەرکارلابردن و دادگاییکردنی پێنج بەرپرسی سنوورەکەی کردووە لەنێویاندا قایمقامی حەمدانیە هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1-10-2023، لیژنەی لێکۆڵێنەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی سێشەممە، 26ـی ئەیلوول، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکراکرد.
لیوا سەعد فالح کەسار دلێمی، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "یارییە ئاگرینەکان هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە بوون، کە لە هۆڵەکەدا چوار دانەیان تێدا هەبوو و، هەر یەکێکیان چوار مەتر ئاگرەکەیان بەرزبووەتەوە و بنمیچی هۆڵەکەش نزم بووە، جگە لەوە، بوونی کحول کە خێرا دەسووتێت و بوونی کۆگایەکی ئەو مادانە و نەبوونی دەرگەی فریاگوزاریی گونجاو، هۆکاری دیکەی رووداوەکە بوون."
ئاگرەکە کە شەوی سێشەممەی رابردوو لە هۆڵی هەیسەم کەوتەوە، زۆر بەخێرایی تەشەنەی سەند و بووە هۆی رووخانی بنمیچی هۆڵەکە. لیوا سەعد فالح کەسار دلێمی گوتی، بەرگری شارستانی دوو ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی بەکارهێناوە، دوای کە ئاگرەکە زیاتر بووە، 21 ئۆتۆمبێل ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە." دەشڵێت "600 کەس لەنێو هۆڵەکە بە یارمەتیی پۆلیس و سوپا و حەشدی شەعبی رزگارکراون."
بەگوتەی سەرۆکی لیژنەکە، دەبووایە لە ماوەی شەش مانگدا دەزگا پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ پشکنینی دووەم بۆ هۆڵەکە بکەن وەکو لە نووسراوەکانی حکومەتدا هاتووە، بەڵام ئەو وادەیە لە 17-10-2023 تەواو دەبوو و تاوەکو رووداوەکە روویدا، هیچ پشکنینێکی بۆ نەکرابوو.
سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە ئەوەشی ئاشکراکرد، لیژنەکە قسەی تۆمەتبارانی وەرگرتووە کە بریتین لە سەمیر سلێمانی کەروومی خاوەنی هۆڵەکە و سلێمانی کوڕی کە کەمتەرخەم بوون، هەروەها عیسام مەتی ئەلیاس و ستیڤان جۆن بەهنام کە یەکێکە لە کرێکارەکان. ئەوانە بەرپرسن لە دانانی ئامێرەکانی یارییە ئاگرینەکان، ئەو 10 کەسەی دیکە تاوەکو ئێستا کەمتەرخەمییان بۆ لیژنەکە رووننەبووەتەوە، ئەوانە کرێکار بوون و دادگە دەتوانێت بڕیاریان لەبارەوە بدات، یان لە داهاتوودا بەڵگەی دیکەیان لەسەر بڵاوببێتەوە.
لە کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، فەریق کازم سەلمان بوهان، راوێژکاری وەزیری ناوخۆ و راسپێردراو بۆ بەدواداچوونی کارەکانی لیژنەکە قسەی کرد و رایگەیاند رووداوەکە بە "ئەنقەست نەبووە'' و بەهۆی کەمتەرخەمی و بەجێنەگەیاندنی ئەرکەکان و بەکارهێنانی کەرەستەی قەدەخە و خێرا گڕگرتوو بووە لەنێویاندا سەندویچ پەنەڵ.
فەریق کازم سەلمان بوهان گوتی "ئەو کەرەستانەی لە بنمێچی هۆڵەکەدا هەبوون کە پووشی دەستکردە، زۆر هەستیار و بەکارهێنانی چوار یاری ئاگرین ئاگرەکەیان خێراتر کردووە، زەویی هۆڵەکەش مادەی زوو گڕگرتوو بووە و قوماشی زۆریش لەسەر مێز و کورسییەکان هۆکار بوون."
گوتیشی "خاوەنی هۆڵە بەهۆی گومانی لەبوونی شۆرتی کارەبا، کارەبای بچڕاندووە، ئەوەش وایکردووە هۆڵەکە تاریک بێت و دەرگای فریاگوزاریش نەبوون."
راوێژکارەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەدا، خاوەنی هۆڵەکە پێداویستییەکانی سەلامەتی و خۆپارێزی بەرگریی شارستانیی دابیننەکردووە و ئامادەبوونی دوو هێندەی ئەو ژمارەی کە هۆڵەکە دەیگرێت لە خەڵک، وایکردووە زیانەکان زیاتر بن.
دوای رووداوەکە، بەرپرسانی یەکەمی سێ سەرۆکایەتییەکە گەیشتنە حەمدانییە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران یەکەمیان بوو، بڕیاری دا لەماوەی 72 کاژێردا ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرابکرێن.
عەبدولئەمیر شممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، لەو کۆنفراسە رۆژنامەڤانییەدا باسی ئەوەی کرد، خاوەنی هۆڵەکە تۆماری نێو هۆڵەکەی لەگەڵ خۆیدا بردووە دوای رووداوەکە و هەڵاتووە، بەڵام دواتر دەستی بەسەردا گیراوە.
وەزیری ناوخۆ باسی لە هۆکارێکی دیکەی زۆربوونی قوربانیانی رووداوەکە کرد و گوتی "سەرەتای رووداوەکە خاوەنی هۆڵەکە پێیوابووە شۆرتی کارەبا هەیە و کارەبای کوژاندووەتەوە، ئەوەش وایکردووە خەڵک بترسن و پاڵ بەیەکترەوەنان هەبووە ، هۆڵەکە 400 کەس دەگرێت کەچی ئامادەبووان 900 کەس بوون."
عەبدولئەمیر شممەری لەبارەی دوایین ئاماری قوربانیانی رووداوەکەش، گوتی "107 کەس گیانیان لەدەستداوە و 85 کەس بریندارن."
لێژنەی لێکۆڵێنەوە لە کۆتایی راپۆرتەکەدا چەند راسپاردەیەکی خستەڕوو، کە ئەمانەن:
- ئەوانەی لە رووداوەکە گیانیانلەدەستداوە بە شەهید هەژماربکرێن، یاسای دامەزراوەی شەهیدان بیانگرێتەوە.
- پێشکێشکردنی پشتیوانیی مادی بۆ برینداران و چارەسەرکردنیان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات و دروستکردنی لیژنەی تایبەتمەند بەو کارە.
- بەدواداچوونی راگرتنی تۆمەتباران لە دۆسیەکە و ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ دادگە و بەدواداچوون لە وەرگرتنی گوتەی ئەوانەی بانگەشەی مافی کەسی دەکەن و بریندارن، لەگەڵ بەدواداچوونی دۆخی برینداران.
- رەوانەکردنی تۆمەتباران بۆ دادگە بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن.
- لەسەرکارلابردنی عیسام بەهنام مەتی، قایمقامی حەمدانیە و رەوانەکردنی بۆ دادگەیەکی تایبەت، چونکە کەمتەرخەم بووە و ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە، گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەری.
- لەسەرکارلابردنی رامی خزر پۆڵس موسا، بەڕێوەبەری شارەوانیی حەمدانیە و رەوانەکردنی بۆ دادگەی تایبەت، چونکە کەمتەرخەم بووە و ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە، گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەری.
- لەسەرکارلابردنی زوبیان خەلیل ئیبراهیم، بەڕێوەبەری هۆبەی پۆلێنی گەشتیاری لە نەینەوا و رەوانەکردنی بۆ دادگەی تایبەت، چونکە کەمتەرخەم بووە و ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە، گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەری.
-لەسەرکارلابردنی رائید ستێفۆ بەحۆ، بەڕێوەبەری چاککردنەوەی کارەبای حەمدانیە و رەوانەکردنی بۆ دادگەی تایبەت، چونکە کەمتەرخەم بووە و ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە، گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەری.
- لەسەرکارلابردنی عەمید زەکەریا ئەحمەد سوڵتان، بەڕێوەبەری بەشی ئاگرکوژێنەوە و سەلامەتی لە بەرگری شارستانیی نەینەوا و دروستکردنی ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە لەدژی بەهۆی بەدوادانەچوونی بۆ مەرجەکانی پاراستن و سەلامەتی.
- رەوانەکردنی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی نەینەوا بۆ لیژنەیەکی تایبەت و پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە لەسەری بەهۆی بەجێنەگەیاندنی ئەرکەکانی.
- گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە، بەپێی یاسا لە دژی کۆمپانیای نیشتمانیی بۆ پشکنینی ئەندازەیی و دیزاینە ئەندازەییەکان بەهۆی نادروستی ئەو پشکنینەی کردوویەتی بۆ ئەو مادەیەی هۆڵەکەی پێدروستکراوە و وەرگرتنەوەی ئەو مۆڵەتەی پێیدراوە.
-رەوانەکردنی عەقید عەبدولسەلام عەبدولقادر محەممەد، ئەفسەری پێشووی بەرگریی شارستانیی حەمدانیە بۆ دادگەیەکی تایبەت و پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە لەسەری، چونکە بەدواداچوونی بۆ مەرجەکانی پاراستن و سەلامەتی نەکردووە.
- چاوخشاندنەوە بە میکانیزمەکانی پشکنینی ئەو مادانەی خێرا گڕدەگرن لەو کۆمپانیایانەی تایبەتمەندن و لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە پشتپێبەستراون، پابەندکردنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی بە هاوتاکردن لەنێوان کەرەستەکانی باڵەخانەکان لەگەڵ ئەو نموونانەی پێشکشیکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ