دادپزیشکی موسڵ بۆ رووداو: 37 تەرمی رووداوەکەی حەمدانیە ناناسرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دادپزیشکی موسڵ دەڵێت، لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانیەدا 107 تەرمیان وەرگرتووە و 70 یان رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە، بەڵام 37 تەرم ناناسرێنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 1-10-2023، شەهد عارف، بەڕێوەبەری دادپزیشکی موسڵ لە بەرنامەی نوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بەشداربوو و رایگەیاند، "دادپزیشکی نەینەوا هەر لە سەرەتاوە دەستی بە وەرگرتنی تەرمی ئەو کەسانە کرد کە لە رووداوەکەی حەمدانیە گیانیان لەدەستدا. تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو تەرمانەی کە دادپزیشکی وەریگرتوون گەیشتووەتە 107 تەرم."
شەهد عارف گوتی، "لەکاتی وەرگرتنی تەرمدا دادپزیشکی هەڵدەستێت بە پشکنینی سەرەتایی بۆ قوربانیان و وەرگرتنی نموونەی DNA لێیان، ئەگەر تەرمەکە ناسرایەوە ئەوا بڕوانامەی مردنی بۆ دەکرێت و تەرمەکە رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە. هەرچی تەرمە نەناسراوەکانن، واتە ئەوانەی لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە نەناسراونەتەوە نموونەی DNAیان لێ وەرگیراوە و بۆ بەغدا نێردراون، چونکە پشکنینی DNA ناوەندییە و لە بەغدا دەکرێت. ژمارەی ئەو تەرمانەش گەیشتووەتە 37 تەرم."
رۆژی 26ـی ئەیلوولی2023، ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا کەوتەوە و زیانی گەورەی هەبوو. تاوەکو ئێستا 107 تەرم براونەتە دادپزیشکی و بەشێکیان لە گۆڕستانی قیامە بەخاک سپێردراون.
بەڕێوەبەری دادپزیشکی موسڵ گوتی، ئەو 37 تەرمە "لەلایەن کەسوکاریانەوە ناناسرێنەوە، چونکە بەشی زۆریان سووتاون، واتە گەیشتووەتە ئاستی بە تەواوەتی سووتان کە پلەی کۆتایی سووتانە. ئەو تەرمانە روون نین و هیچ نیشانەیەکیش بۆ ناسینەوەیان نییە و لەلایەن کەسوکاریانەوە ناناسرێنەوە. ئەو تەرمانە لە ساردکەرەوەکانی دادپزیشکین تاوەکو ئەو کاتەی ئەنجامی پشکنینی DNA دەردەچێت و دواتر لەسەر ئەو بنچینەیە رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە."
لەبارەی ئەنجامدانی پشکنینی DNA، شەهد عارف رایگەیاند، "پشکنینی سەرەتاییمان کردووە، بەڵام نموونەی DNA لەو تەرمانە بۆ بەغدا دەنێرێن، چونکە پشکنینی DNA لە بەغدا دەکرێت و ناوەندییە، بەڵام تەرمەکان هەر لەلای ئێمە لە ساردکەرەوەکانی دادپزیشکی نەینەوا دەمێننەوە تاوەکو ئەنجامی DNA دەردەچێت."
سەبارەت بەوەی کە تەرمی دیکە لەنێو هۆڵەکەدا ماون؟ بەڕێوەبەری دادپزیشکی موسڵ دەڵێت، "ئەو تەرمانەی لەلایەن دادپزیشکیەوە وەرگیراون هەموویان سووتاون یان هۆکاری گیانلەدەستدانیان سووتانە. پشکنینی شوێنەکە بۆ ئەوەی بزانرێت تەرم ماوە یان نا ئەوە کاری لێکۆڵینەوە و بەرگریی شارستانییە. بەشی دادپزیشکی ئەوەی لەسەریەتی وەرگرتنی تەرمەکانە لەو دەزگا و فەرمانگانە و راگەیاندنی ژمارەی ئەو کەسانەیە گیانیان لەدەستداوە بە پشتبەستن بە ژمارەی کۆتایی ئەو تەرمانەی بەردەستن، بەڵام ئایا هیچ کەسی دیکە ماوە لە شوێنی رووداوەکە ماوە یان نا، ئەوە لە تایبەتمەندێتی لایەنەکانی لێکۆڵینەوەیە."
شەهد عارف ئەوەشی گوت کە 70 تەرم لەوانەی لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە هۆڵەکەدا گیانیان لەدەستدابوو رادەستکراونەتەوە و دەڵێت، "ژمارەی ئەو تەرمانەی ناسراونەتەوە و رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە 70 تەرمە لە کۆی 107 کەس. کاتێک دەناسرێنەوە بەهۆی ئەوەیە سووتانەکەیان لە پلەی یەکەم و دووەمدایە و رووخساریان دەناسرێتەوە و یەکسەر رادەستی کەسوکاریان دەکرێتەوە؛ یان هەندێک تەرم رووخساریان ناناسرێتەوە، بەڵام چەند نیشانەیەکی جیاکەرەوەیان هەیە و رادەستی خێزانەکەیان دەکرێتەوە."
بەڕێوەبەری دادپزیشکی موسڵ باسی وردەکاریی وەرگرتنی پشکنینی DNAیش دەکات کە لە چی و کوێ وەردەگیرێت و دەڵێت، "نموونە لە بەشێک لە تەرمەکە یان پارچەی تەرمەکە وەردەگرین،بەڵام بۆ ئەوەی پشکنینەکە تەواو دەربچێت، پێویستە کەسانێک هەبن کە پێیان دەگوترێت بەخشەر، واتە کەسوکاری پلە یەکەمی کەسە بێسەروشوێنەکەیە. کەسێک دێتە دادپزیشکی و دەڵێت کەسێکی بێسەروشوێنە؛ نموونەیەکی خوێنی لێ وەردەگیرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ تەرمی ئەو کەسانەی وەرگیراون هاوتا بێت، واتە دەبێت کەسانێک هەبن داوای تەرمەکە بکەن و بڵێن کە کەسوکاری ئەوانە بە مەبەستی ئەوەی خوێنی لێ وەربگیرێت و هاوتا بکرێت."
شەهد عارف باسی ئەوەش دەکات، بەهۆی ئەوەی تاقیگەی ناوەندیی پشکنینی DNA لە بەغدایە، پشکنینەکان بۆ بەغدا دەنیردرێن و رایگەیاند، "تیمێکی وەزاری هەیە پشتیوانی فەرمانگەی دادپزیشکی و کارەکانی دەکات. تیمەکە وەزارییە لە فەرمانگەی دادپزیشکی بەغدا و لە ساتەکانی یەکەمی رووداوەکەوە لە پەیوەندیدا بوون، چونکە لە موسڵ و زۆرینەی پارێزگاکانی عێراق تاقیگەی DNA نییە و ئەو تاقیگەیە ناوەندییە و لە بەغدایە."