پەرلەمانتارێکی عێراق: لاوازیی عێراق لەبەر ئەوەیە هەندێک لایەن سەر بە ئێران و تورکیان

 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت: لاوازیی عێراق بەهۆی لایەنە سیاسییەکانەوەیە، چونکە هەندێکیان سەر بە ئێرانن و هەندێکیشیان سەر بە تورکیان و ناتوانن بەرگریی لە خاکەکەیان بکەن. 
 
ئێران و تورکیا بەردەوام بۆمبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن کە بەشێکە لە عێراق. هاوکات لە چەند رۆژی رابردوودا ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەناو هەرێمی کوردستاندان، بەڵام حکومەتی عێراق لەو بارەیەوە هیچ هەڵوێستێکی تووندی نەبوو.
 
سەگڤان یوسف، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لاوازیی عێراق بەهۆی لایەنە سیاسییەکانەوەیە؛ هەندێکیان سەر بە ئێرانن و هەندێکیشیان سەر بە تورکیان و لەبەر ئەوە لەسەر بەرگریکردن لە خاکی عێراق کۆک نین."
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، هەڵوێستی سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بەرامبەر بەو هێرشانەی ئێران هەڵوێستێکی "لاوازە." ئەمە هەر بەرامبەر بە ئێران وانییە، بەڵکو بەرامبەر بە تورکیایش وایە. 
 
سەگڤان یوسف گوتی: "ئەو سەرۆکایەتییانەی عێراق لاوازن، کە ناتوانن بەرگری لە خەڵکی خۆیان بکەن، ئیتر چۆن دەتوانن بەرگری لە هەولێر و سیدەکان بکەن؟"
 
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق باسی لەوە کرد، "سەرەڕای ئەو هێرشانە، ئەو وڵاتە دراوسێیانە ئاویان لە عێراق گرتووەتەوە کەچی عێراق ناتوانێت هیچ بکات. حکومەت لاوازە و دەبێت بڕیاری بەهێز بدات. سەرکۆنە هیچ لە دۆخی عێراق ناگۆڕێت."
 
لە پەرلەمانی عێراق واژۆ کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەی دانیشتنێکی تایبەت بە بۆمبارانەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان بکرێت. سەگڤان یوسف ئەوەی خستەڕوو، ئەوانەی واژۆیان کردووە هەر کورد نین، بەڵکو لە لایەنە سیاسییەکانن و داوایان کردووە پەرلەمان لەسەر بۆمبارانەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. 
 
لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتیشەوە، پەرلەمانتارەکەی عێراق گوتی: "بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێمە لایەنەکان بە یەکدەنگی دەچنە پەرلەمان و گفتوگۆکان بۆ بەربژێری سەرۆککۆمار بەردەوامن و رێککەوتن دەکرێت. بەم زووانەیش حکومەت پێکدەهێنرێت."