وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی دەنگۆی تەقینەوە لە بەغدا روونکردنەوە دەدات

01-10-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دیمەنێکی ئاگرەکەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا
دیمەنێکی ئاگرەکەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ هەینی 1-10-2021 لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا روویدا تەقینەوە نەبوو، بەڵکو تەنیا دەنگی سووتانی بڵندگۆیەکی کارەبایی بوو لە نێو ئۆتۆمبێلێک کە لە گۆڕەپانەکەدا وەستابوو.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ هەینی 1-10-2021 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوبووەوە کە گوایە بەهۆی تەقینەوەیەکی سەرچاوە نادیارەوە لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا دوو کەس برینداربوون، بەڵام دڵنیایی دەدەین ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی تەحریر روویدا تەقینەوە نەبوو، بەڵکو تەنیا دەنگی سووتانی بڵندگۆیەکی کارەبایی بوو لە نێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاپ کە لە گۆڕەپانەکەدا وەستابوو، تەنانەت ئەو رووداوە بووە هۆی سووتانی موەلیدەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا". 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوا لە هەمووان دەکات وردبن و هۆشیاربن لە گواستنەوەی هەواڵەکان؛ پێش بڵاوکردنەوەشیان لە سەرچاوەکانیان دڵنیاببنەوە، "چونکە کەسانێک هەن هەوڵی نانەوەی کێشە بۆ تێکدانی ئاسایش دەدەن".

ئەمڕۆ 1ی ئۆکتۆبەری 2021 دووەم ساڵیادی دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکانی تشرینی یەکەمی 2019 یە کە دژی هەژاری، بێکاری، گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزارییەکان دەستیانپێکرد و دواتر داوای گۆڕینی سیستمی سیاسی و لابردنی چینی سیاسییان کرد.

بەو هۆیەوە ئەمڕۆ سەتان خۆپێشاندەر و چالاکڤان و کەسوکاری کوژراو و بریندار و زیندانیکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی 2019 و 2020 لە بەغدا و چەندین پارێزگای دیکەی عێراق لە ناوەڕاست و باشوور کۆبوونەوە بۆ یادکردنەوەی ئەو ساڵیادە و سەرکۆنەی کوژرانی سەتان خۆپێشاندەر و برینداربوونی هەزارانی دیکە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێ، لەو خۆپیشاندانانەدا زیاتر لە 600 کەس کوژران و زیاتر لە 20 هەزار کەسی دیکە برینداربوون کە زۆرینەیان خۆپێشاندەر و چالاکڤان بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە