دادپزیشکیی عێراق: لە شەش مانگ دا 421 کەس دەستدرێژییان کراوەتە سەر کە 94یان پیاون

 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرمانگەی دادپزیشکیی عێراق رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2024دا، 421 کەس دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتەسەر و نزیکەی چواریەکیان پیاون.
 
د. لینا ئەسعەد، بەڕێوەبەری هۆبەری رووداوە سێکسییەکانی فەرمانگەی دادپزیشکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، 421 کەس بوونەتە قوربانیی دەستدرێژییە سێکسییەکان و تووندوتیژی سێکسی."
 
بەپێی ئەو بەرپرسەی دادپزیشکیی عێراق، لەو شەش مانگەدا 327 ئافرەت رووبەڕووی دەستدرێژی و تووندوتیژیی سێکسی بوونەتەوە، هەروەها 94 پیاویش. قوربانییان تەمەنیان جیاوازە.
 
ئەو کەسانەی دەستدرێژییان کراوەتەسەر، سەرجەمیان دۆکیۆمێنت کراون و بە نووسراوی فەرمی لەلایەن دامەزراوەکانی لێکۆڵینەوە و دادگەکانەوە نووسراوەکانیان رەوانەکراوە و بە وێنەی نوێی فۆتۆگرافیی مۆرکراویشەوە بووە.
 
بەڕێوەبەری هۆبەری رووداوە سێکسییەکانی فەرمانگەی دادپزیشکیی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە بەتەواوەتی ئەو دۆسییانە پارێزراون و لەلایەن تیمێکی تایبەتمەندی دادپزیشکییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
ئەنهار عادل، یەکێک لەو چالاکڤانانەی مافەکانی ئافرەت بە رووداوی گوت: "پێشتر زۆرینەی قوربانییانی دەستدرێژیی سێکسی لە عێراق ئافرەتان و کچان بوون، بەڵام ئێستا پیاوان و کوڕانیش قوربانین، ئەمە و زیادبوونی ژمارەی تاوانەکان ئاماژەیەکی مەترسیدارە و دەبێتە لێکۆڵینەوەی تێدا بکرێت و هۆکارەکانی بنەبڕ بکرێن."
 
ئەو هۆبەیەی فەرمانگەی دادپزیشکیی عێراق تایبەتمەندە بە رووداوەکانی دەستدرێژی و تووندوتیژیی سێکسیی دژ بە منداڵان و باڵقبووانی نێر و مێی تەمەنە جیاوازەکان.