جووتیارانی هەرێمی کوردستان: لە بەغدا دەمێنینەوە و چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵیت، فراکسیۆنە کوردستانییەکان و وەزیرە کوردەکان لە بەغدا هەوڵی تەواو دەدەن بۆ ئەوەی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-09-2024، بەشێک لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی جووتیاران سەردانی وەزارەتی بازرگانیی عێراقیان کرد بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانی، ئەوەش بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ پارەی گەنمی جووتیاران. 
 
دوای کۆبوونەوەکە هەرێم کەماڵ ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''کاری زۆر باش کرا و بەڵێنمان لە وەزیری بازرگانی وەرگرت کە لە دانیشتنی ئەم جارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵدا شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بخرێتە بەر باس و پارێزەرێکی باشی مافی جووتیاران بێت''. 
 
بڕیارە رۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە. هەرێم کەمال ئاغا گوتی، ''ئەو پارەیەی وەک شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، دەبێ بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی لەسەر بێت. بۆیە هەموو وەزیرە کوردەکان و ئێمەش وەک پەرلەمانتار و فراکسیۆنە کوردستانییەکان گوشار دەکەین بۆ ئەوەی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت یان لانیکەم قۆناخ بە قۆناخ خەرج بکرێت''. 

 

 
هاوکات نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وەزیری بازرگانیی عێراق لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵە و پێداگرە کە لە نزیکترین کاتدا پارەی گەنمی جووتیاران بە هەرێمی کوردستانیشەوە خەرج بکرێت".
 
جووتیارانی هەرێمی کوردستان 42 رۆژە چاوەڕێی وەرگرتنی پارەی گەنمەکەیانن لە حکومەتی عێراق. ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، "وەزارەتی دارایی عێراق پێی راگەیاندوون کە وەزارەتی بازرگانی داوای تەرخانکردنی پارەی بۆ پێدانی شایستە داراییەکانی جووتیاران کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە''. 
 
هاوکات حەمزە ئیبراهیم، یەکێک لە نوێنەرانی جووتیاران بە رووداوی گوت، ''تاوەکو رۆژی سێشەممە دەمێنینەوە بۆ ئەوەی بزانین ئەنجوومەنی وەزیران چی بڕیارێک دەدات''.  
 
رابەر عەبدوڵڵا، جووتیارێکی دیکەیە و بە زیاد ئیسماعیلی گوت، ''بە وەرگرتنی 50٪ــی شایستەداراییەکانمان رازی نابین؛ دڵنیایی دەدەینە جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە تاوەکو شایستە داراییەکانی خۆمان وەرنەگرین، ناڕۆینەوە.''
 
پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 590 ملیار دینارە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق 74 ملیار و 500 ملیۆن دیناری ناردووە.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریدا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.