رووداو دیجیتاڵ
لەسەر سکاڵای جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف و بە تاوانی هەڕەشەکردن، دادگەی تێهەڵچوونەوەی پارێزگاکە سزای زیندانیکردنی یەک ساڵی بۆ سەرۆکی سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ دەرکرد. سەنتەرەکە بەنیازی پێشکێشکردنی داواکاریی پێداچوونەوەیە بە بڕیارەکەدا.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2024، دادگەی تێهەڵچوونەوەی پارێزگای نەجەف، بڕیاری یەک ساڵ زیندانیکردنی بەسەر زەید تاڵقانی، سەرۆکی سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ کە هاوکات سەرۆکی پارتی شەمسە سەپاند، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک بە ناوی غەیس رەعەد محەممەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف سکاڵای لەسەر تۆمارکرد.
دادگەکە بە پشتبەستن بە حوکمەکانی مادەی 431ـی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969یە. دادگە مافی بە سکاڵاکاریش داوە داوای قەرەبوو بکات، دوای ئەوەی بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەردەگرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە 'سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ' بۆ رووداو، سەنتەرەکە بەنیازە داوایەک بداتە دادگە و داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکە بکات کە بە"ناڕەوا" ناوی دەبات.
سکاڵاکەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف لەسەر زەید تاڵقانی بەهۆی ئەوەیە غەیس لە ریزەکانی پارتی شەمس بووە، بەڵام دوای وازهێنانی، گوایە لەلایەن تاڵقانییەوە هەڕەشەی لێکراوە.
هاوکات هادی سەلامی پەرلەمانتاریش سکاڵایەکی دژی زەید تاڵقانی بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە عەلی سیستانی و بڵاوبوونەوەی وێنەی لەگەڵ ژمارەیەک دامەزراوە کە گوایە "پشتیوانی لە ئیسرائیل و هاوڕەگەزخوازی" دەکەن، هەروەها زیادبوونی سامانەکانی، جووڵاندووە.
مادەی 431ـی یاسای سزادانی عێراق سزایەکی دیاریکردووە کە لە 7 ساڵ زیاتر نییە بۆ ئەو کەسانەی کە هەڕەشە لە کەسانی دیکە دەکەن یان تاوان بەرامبەر کەسێک دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ