بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی پاشماوەی داعش، چوار منداڵی خێزانێک لە بەعاج گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک لە قەزای بەعاج، چوار منداڵی خێزانێک گیانیان لەدەستدا، منداڵێکی دیکەشیان بە سەختی بریندارە.
 
دکتۆر مستەفا مەحموود ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی بەعاج بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "کاژێر 10:30ـی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 1-9-2024) لە رووداوەکە ئاگادارکراینەوە، کە تەقینەوەیەک لە خانووێکدا لە گوندی سرووجی نزیک کۆمەڵگەی سەگاری قەزای بەعاج روویداوە."
 
قەزای بەعاج، دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا و هاوسنوورە لەگەڵ سووریا. 
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە گوتی، خانووەکە چەند ساڵێکە چۆڵە، خاوەنەکەی ناوچەکەی جێهێشتووە و ئەو خێزانەش دوێنی ئەو خانووەیان بەکرێ گرتووە بۆ ئەوەی کاری تێدابکەن. بەیانیی ئەمڕۆ لەکاتی پاککردنەوەی خانووەکەدا "لە یەکێک لە ژوورەکان بۆمبێكی پاشماوەی داعش تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە چوار ئەندامی خێزانەکە گیانیان لەدەستدا، کە تەمەنیان لەنێوان 5 بۆ 15 ساڵانە." 
 
دکتۆر مستەفا مەحموود ئەحمەد گوتیشی، منداڵێکی دیکەیان بە سەختی بریندار بووە، دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەی بەعاج چارەسەری سەرەتایی بۆ کراوە، رەوانەی نەخۆشخانەی کۆماری لە شاری موسڵ کراوە.
 
هەر ئەمڕۆ محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ رووداو پشتڕاستی کردەوە، "بۆمبەکە پاشماوەی داعش بووە، کە بە خێزانەکەدا تەقیوەتەوە." 
 
هەروەها راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتیی بەعاج بە رووداوی گوت "خێزانەکە 12 کەسین، 4 منداڵیان گیانیان لەدەستداوە، منداڵێکی دیکەشیان بەسەختی بریندارە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، ئەوانی دیکەش لەژێر داروبەردی ماڵەکەیاندا و دەرنەهێنراون و هێشتا نازانرێت لەژیاندا ماون یاخود نا."