رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێت، لە ساڵی خوێندنی 2024 - 2025دا وانەیەکی نوێ بەناوی "پەروەردەی ئەخلاقی" دەخرێتە نێو پرۆگرامی خوێندنەوە. دەشڵێت، "هەنگاوێکی باشە و سەرەتا لە دوو قۆناخ دەخوێندرێت و دواتر لە قۆناخەکانی دیکەش دەخوێندرێت."
کەریم سەیید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ساڵی خوێندنی 2024 - 2025دا وانەیەکی نوێ بەناوی پەروەردەی ئەخلاقی بۆ هەردوو قۆناخی یەکەمی سەرەتایی و یەکەمی ناوەندی زیاد دەکرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق گوتی، "مەبەست لەو وانەیە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی دەستگرتووە بە بنچینە، بەها و پرەنسیپە ئایینی و کۆمەڵایەتییە رەسەنەکانەوە؛ بۆئەوەیە نەوەیەکی دوور لە مامەڵەی دەمارگیری و جیاکاری پەروەردە بکرێت."
بە گوتەی کەریم سەیید، "پەرتووکی ئەو وانەیە لەلایەن ژمارەیەک پسپۆڕ و مامۆستای شارەزا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکان بە هاوئاهەنگیی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بەو بوارە ئامادە کراوە."
کەریم سەیید ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵانی داهاتوودا وانەکە بۆ قۆناخەکانی دیکەی خوێندنیش زیاد دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ