سوودانى لەگەڵ باڵیۆزى ئەمریکا و فەرماندەى هاوپەیمانان لە عێراق کۆبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزى ئەمریکا و ژەنەراڵ کیڤن لیهی، فەرماندەى هێزى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى دژى داعش لە عێراق کۆبووەوە و ئایندەى ئەرکى ئەو هاوپەیمانێتییەیان تاوتوێ کرد. 
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئەیلوول لە بەغدا کرا، بەگوێرەى راگەیێندراوى نووسنگەى رۆژنامەڤانی سەرۆکوەزیران، تاوتوێى گفتووگۆى تەکنیکیی نێوان هەردوولا کراوە لە بارەى"کۆتایی هێنان" بە ئەرکى هاوپەیمانىی نێودەوڵەتى دژ بە داعش. 
 
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەوە کراوە کە چۆن ئەو ئەرکەى هاوپەیمان لە عێراق بخەنە نێو چوارچێوەى پەیوەندی دوو  قۆڵیى نێوان عێراق وڵاتانى بەشدار لەو هاوپەیمانێتییە، ئەوە جگە لە هاریکارى لە بوارى مەشقپێکردن و ئەزموون و زانیاریی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانى عێراق.
 
محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند: "پاشماوەکانى داعش وەک مەترسی نەماون لەسەر دەوڵەتى عێراق و چەکدارەکانیان بوونەتە گروپێکى راوەدوونراو لە ناوچە دوورە دەستەکاندا کە خۆیان تێیدا دەشارنەوە." 
 
عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لیژنەى دانوستاندنى باڵاى هاوبەشیان پێکهێناوە بۆ گفتوگۆکردن لە بارەى ئاییندەى ئەرکى هاوپەیمانان لە عێراق کە لە ساڵى 2016ـەوە بەهۆى شەڕى داعش و لەسەر داواى حکومەتى فیدراڵى لە عێراقن.