بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ ئیسرائیل دەرکەوتن لە شرۆڤەکارێکی عێراقی قەدەخە دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى پەرلەمانى عێراق بەهۆى "بانگەشەکردنی بۆ رژێمى زایۆنی" بۆ ماوەى مانگێک دەرکەوتنی  شرۆڤەکارێکى عێراقى لە کەناڵەکانى راگەیاندن قەدەخە دەکات.
 
ئەو بڕیارەى دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق لە نووسراوێکدا بووە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئەیلوول ئاڕاستەى کەناڵەکانى راگەیاندنى کردووە، تێیدا ئاماژەى بەوەداوە کە نابێت بۆ ماوەى 30 رۆژ غەیس تەمیمى لە کەناڵەکان دەربکەوێت یان میوانداریى بکرێت.
 
بڕیارەکە لە رۆژى دەرچوونى ئەو نووسراوەوە کارى پێ دەکرێت و هەر کەناڵێک پابەند نەبێت، "رووبەڕووى لێپێچینەوەى یاسایی دەبێتەوە."
 
بە گوێرەى نووسراوەکە، ئەو بڕیارە لەسەر بنەماى چەند هۆکارێک بووە لەوانە، هاندانى تووندوتیژى و رقلێبوونەوە، ناشەفافى لە گواستنەوەى زانیارییەکان، "بانگەشە کردن بە رژێمى زایۆنى و پاڵپشتی و هاندانى سیاسەت و کردەوەکانى".
 
ئەو رێوشوێنە لە دژى غەیس تەمیمى دواى ئەوە هات کە لە 11ى ئاب،ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە بە "بەڵێ" کۆمێنتى بۆ راپرسییەک کردووە کە ئەکاونتێکى "گاڵتە ئامێز" لە تۆڕى ئێکس کردوویەتى و پرسیارەکەى ئەوە بوو کە "ئایا لەگەڵ ئیسرائیلیت یان نا".
 
ئەو ئەکاونتەى تۆڕى ئێکس بە ناوى ئیلۆن مەسکی خاوەنى تۆڕەکە کرابووەوە و بابەتى گاڵەتە ئامێزى بڵاودەکردەوە بەرلەوەى لەلایەن ئێکس-ەوە  بسڕدرێتەوە.