بەڕێوەبەرانی سێ نەخۆشخانەی نەینەوا لە پۆستەکانیان دووردەخرێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ  

بەڕێوەبەری سێ نەخۆشخانە و بەڕێوەبەری بەشی دەرمان لە تەندروستی نەینەوا لە پۆستەکانیان دووردەخرێنەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێ، بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بووە.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، گۆڕانکارییەکان بەم شێوەن:
 
یەکەم: دکتۆر فەواز عەبدولکەریم، لە پۆستی بەڕێوەبەری بەشی دەرمان لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەینەوا دووخراوەتەوە و دکتۆر محەممەد فازل لە شوێنەکەی راسپێردراوە. 
 
دووەم: دکتۆر سەعد خەتابی، لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئبین سینا دوورخراوەتەوە، دکتۆر رافع قەزاز دانراوە.
 
سێیەم: دکتۆر حازم محەممەد یونس، لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی تەلەعفەر دوورخراوەتەوە، دکتۆر خالید یونس ئیلیاس بەیاتی دانراوە.
 
چوارەم: دکتۆر ئیبراهیم خەلیل ئیبراهیم، لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گەیارە دوورخراوەتەوە و  دکتۆر خەیری جبووری دانراوە.
 
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، کە پێشتریش جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی نەینەوا بوو، رۆژی یەکشەممە، 01-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی نەینەوا لیژنەیەک هەیە، هەر شەش مانگ جارێک هەڵسەنگاندن بۆ کاری بەڕێوەبەرەکان دەکات. دیارە لە دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنەکان دەرکەوتووە، ئەمانە کەمتەرخەم بوونە و بە چاکی کارەکانی خۆیان رانەپەڕاندووە، بۆیە لیژنەکە  بڕیاری دوورخستنەوەی داون. 
 
وەعد ئیدریس، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی تەلەعفەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەیان لەلایەن لیژنەی هەڵسەنگاندنەوە راستە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا نووسراوی فەرمیان بۆ نەنێردراوە.