جارێکى دیکە لە پەرلەمان واژۆ بۆ کشاندنەوەى هەموارى یاساى بارى کەسى کۆدەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ژنە پەرلەمانتارەکانى عیراق هەڵمەتێکى دیکەى واژۆ کۆکردنەوە دەستپێدەکەن بۆ کشاندنەوەى پێشنیازە یاساى هەموارى یاسای بارى کەسى کە زۆرینەى پەرلەمانتارە شیعەکان پاڵپشتیی دەکەن. 
 
سروە محەممەد، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ژن و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو واژۆ کۆکردنەوەیە ئەمڕۆ دەستىپێکرد و ژمارەیەک لە ژنە پەرلەمانتارەکان سەرپەرشتى دەکەن، بەشێک لە  پەرلەمانتارە پیاوەکانیش واژۆیان کردووە و ئەوەى ئاگادارم گەیشتووەتە زیاتر لە 85 واژۆ" .
 
پێشنیازە یاسای هەمواری یاسای باری کەسی لەلایەن رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ ئامادە کراوە و زۆرینەى پەرلەمانتارە شیعەکان پاڵپشتى دەکەن. پەرلەمان 4ى ئاب خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرد وەک هەنگاوى یەکەم بۆ پەسندکردنى.
 
تێبینیی سەرەکیی رێکخراوەکان لەسەر ئەو هەموارە بە شوودانى کچە لە تەمەنێکى بچووک و گرێبەستى هاوسەرگیرییە لە دەرەوەى دادگە.
 
سروە محەممەد گوتى: "واژۆ کۆکردنەوەکە بۆ ئەوەیە کە بەیەکجارى ئەوپێشنیازە یاسایە بکشێندرێتەوە وەک چۆن پێشتر واژۆ کۆکرایەوە بۆ ئەوەى نەخرێتە خشتەى کارى کۆبوونەوەکانى پەرلەمان" .
 
هەموارەکە رێگە بەوە دەدات هاوژینان ئەو مەزهەبە دیاری بکەن کە دەیانەوێت لەسەر بنەماکانى گرێبەستى هاوسەرگیرییەکەیان بکەن، سزاى هاوسەرگیریى دەرەوەى دادگەکانیش ناهێڵێت.
 
جێگرى سەرۆکى لیژنەى ژن و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانى عێراق گوتى: "پێشنیازە یاساکە لە لیژنەى یاساییە، بەڵام پێویستى بە پێشنیازى لیژنەکەى ئێمەیە، ئێمەش کۆبوونەوەمان لەسەرى نەکردووە، خۆشم لەسەر ئەو پرسە بایکۆتى کۆبوونەوەى لیژنەم کردووە" .