رووداو دیجیتاڵ
ژنە پەرلەمانتارەکانى عیراق هەڵمەتێکى دیکەى واژۆ کۆکردنەوە دەستپێدەکەن بۆ کشاندنەوەى پێشنیازە یاساى هەموارى یاسای بارى کەسى کە زۆرینەى پەرلەمانتارە شیعەکان پاڵپشتیی دەکەن.
سروە محەممەد، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ژن و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو واژۆ کۆکردنەوەیە ئەمڕۆ دەستىپێکرد و ژمارەیەک لە ژنە پەرلەمانتارەکان سەرپەرشتى دەکەن، بەشێک لە پەرلەمانتارە پیاوەکانیش واژۆیان کردووە و ئەوەى ئاگادارم گەیشتووەتە زیاتر لە 85 واژۆ" .
پێشنیازە یاسای هەمواری یاسای باری کەسی لەلایەن رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ ئامادە کراوە و زۆرینەى پەرلەمانتارە شیعەکان پاڵپشتى دەکەن. پەرلەمان 4ى ئاب خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرد وەک هەنگاوى یەکەم بۆ پەسندکردنى.
تێبینیی سەرەکیی رێکخراوەکان لەسەر ئەو هەموارە بە شوودانى کچە لە تەمەنێکى بچووک و گرێبەستى هاوسەرگیرییە لە دەرەوەى دادگە.
سروە محەممەد گوتى: "واژۆ کۆکردنەوەکە بۆ ئەوەیە کە بەیەکجارى ئەوپێشنیازە یاسایە بکشێندرێتەوە وەک چۆن پێشتر واژۆ کۆکرایەوە بۆ ئەوەى نەخرێتە خشتەى کارى کۆبوونەوەکانى پەرلەمان" .
هەموارەکە رێگە بەوە دەدات هاوژینان ئەو مەزهەبە دیاری بکەن کە دەیانەوێت لەسەر بنەماکانى گرێبەستى هاوسەرگیرییەکەیان بکەن، سزاى هاوسەرگیریى دەرەوەى دادگەکانیش ناهێڵێت.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى ژن و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانى عێراق گوتى: "پێشنیازە یاساکە لە لیژنەى یاساییە، بەڵام پێویستى بە پێشنیازى لیژنەکەى ئێمەیە، ئێمەش کۆبوونەوەمان لەسەرى نەکردووە، خۆشم لەسەر ئەو پرسە بایکۆتى کۆبوونەوەى لیژنەم کردووە" .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ