لەسەر دواکەوتنى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى بەغدا شەش بەرپرس لە پۆستەکانیان دووردەخرێنەوە

01-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر داواى لیژنەى لێکۆڵینەوەى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق لەبارەى دواکەوتنى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەڵەتى بەغدا، بڕیارى دەستبەرداربوون لەکار بۆ بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانیى عێراق و پێنج بەرپرسی دیکەى ئەو کۆمپانیایە دەردەکرێت، تاوەکو ئەو کاتەى لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.
 
یەکى ئەیلوولی2024، وەزارەتى گواستنەوەى عێراق لەراگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە ئەو راسپاردانانە لەلایەن حازم رازى، بریکارى وەزارەتەکە بۆ کاروبارى کارگێڕى بە وەکالەت دەرکراوە، کە سەرۆکى لیژنەى لێکۆڵینەوەیە لە دواکەوتنى چەند گەشتێک لە فڕۆکەخانەى بەغدا لە 31ى ئابى 2024.
 
بە گوێرەى راسپاردەى لیژنەکە، داوا کراوە بۆ ماوەى 60 رۆژ بڕیارى دەستبەرداربوون لەکار بۆ شەش بەرپرسی کۆمپانیاى گشتیى هێڵى ئاسمانیى عێراق دەربکرێت، تاوەکو "گەرەنتى پاکى و بابەتییانەى لێکۆڵینەوەکان بکرێت و کاریگەری لەسەر کارى لیژنەى لێکۆڵینەوەکە نەبێت". 
 
ئەو بەرپرسانەى راسپاردەکە داواى کردووە دەستبەرداربوونیان لەکار بۆ دەربکرێت، بریتین لە: مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى گشتیى هێڵى ئاسمانى عێراق بە وەکالەت، مستەفا شامل، بەڕێوەبەرى بەشى بازرگانى، ئیهاب سەعد، بەڕێوەبەرى ئۆپەراسیۆنەکان، سەیف شامل، بەڕێوەبەرى بەشى تەکنیکى، حوسام مەجید، بەڕێوەبەرى هۆبەى کارگێڕى بازرگانى، ئەحمەد فازل، بەرپرسی هۆبەى جووڵە.
 
بە گوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى گواستنەوە، عەبدولڕەزاق سەعداوى، وەزیرى گواستنەوەى عێراق رەزامەندى داوە لەسەر ئەو راسپاردانە، بەوەش ئەو بەرپرسانە بڕیارى دەستبەرداربوون لە پۆستەکانیان بۆ دەرکراوە. 
 
لە راسپاردەکەدا هاتووە، زولفەقار عەبد حوسێن، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى گشتیى هێڵى ئاسمانیى عێراق،کۆمپانیاکە بەشێوەیەکى کاتى بەڕێوە ببات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە