کەسانی تێوەگلاو لە کەیسی گوێگرتن لە پەیوەندییەکانی بەرپرسانی باڵای عێراق بۆ 10 کەس بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی دادوەری و حکومەتی عێراق روونکردنەوەیان لەبارەی دۆسیەی گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی بەرپرسانی باڵای عێراق بڵاوکردەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە کەسانی تێوەگلاوی بۆ 10 کەس بەرزکردوەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2024، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق روونکردنەوەی دووەمی لەبارەی دۆسیەی گوێگرتن لە پەیوەندیی تەلەفۆنی ژمارەیەک بەرپرسی عێراق بڵاوکردەوە، ئەوەش دوای یەکەم روونکردنەوەی لە رۆژی 29ـی مانگی رابردوو بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەکەی ئەمڕۆیدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت: "ئەنجوومەن روونی دەکاتەوە کە ئەو زانیارییانەی لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی لێکۆڵینەوە لەوەی بە دۆسیەی (تۆڕی محەممەد جوحی) بڵاودەکرێتەوە نادروستە، چونکە ئەو زانیارییانە لەسەر بنەمای شرۆڤە بەدەستهاتوون و دوورن لە راستییەوە".
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە حکومەتی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هەڵمەتێکی شێواندن هەیە کە مەبەست لێی پەکخستنی کارەکانی حکومەتە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، چاوەڕوانی بڕیاری دادگەن لەبارەی ئەو کەیسەوە.
مانگی رابردوو، دۆسییەی گوێگرتن لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی ژمارەیەک بەرپرسی عێراق لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری وروژێندرا و دواتریش دەستگیرکردنی بەشێک لە ئەندامانی تۆڕەکە راگەیێندرا.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری دۆسیەکە بە رووداوی گوت: "لێکۆڵینەوەی ورد لەگەڵ سەرۆکی تۆڕەکە و تۆمەتباری سەرەکی کراوە. ژمارەی ئەو کەسانەی تێوەگلان، هەروەها ئەو کەسانەی گوێیان لێگیراوە، جۆری گوشارەکان، هەراسانکردن و بەکارهێنان و گەندەڵیی دیکە لە دۆسییەکەدا ئاشکرابوون".
ئەوەی کە پەیوەندی بە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی دادوەرییەوە هەیە، سەرچاوەیەکی ئەنجوومەنەکە بە رووداوی گوت، راگەیێندراوەکە دوای ئەوە هات کە لە چەند کاژێری رابردوودا دوو هەواڵ بڵاوبوونەوە و یەکێکیان ئاماژە بەوە دەکات کە گوایە سەرۆکوەزیرانی عێراق گوشاری زۆر دەخاتە سەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ ئەوەی ئەو دۆسیەیە دابخات و چی دیکە دادگە کاری لەسەر نەکات، بەڵام زێدان رەتیکردووەتەوە.
دووەمیشیان لیستی ناوی ئەو کەسانەیە کە گوایە زۆرترین گوێ لە پەیوەندییەکانی تەلەفۆنییان گیراوە کە ئەمانەن: فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری؛ موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و سەرۆکی پارتی تەقەدوومی سوننەکان؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق؛ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح؛ سەعد عەلاق، یاریدەدەری کارگێڕیی سەرۆکی ئەرکانی سوپا و سەعد مەعن، راوێژکاری وەزیری ناوخۆ.
هەندێک لە میدیاکانی عێراق دەڵێن، سەرۆکوەزیرانی عێراق عەبدولکەریم سوودانی، سکرتێری سەربازیی خۆی؛ ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەکەی؛ ئەحمەد سوودانی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناچارکردوون دەستلەکاربکێشنەوە.
بەڵام سەرچاوەکانی رووداو کە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەریدا بەرپرسن، دەڵێن، ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە، بەڵام "بەهۆی دۆسییەکەوە گومان لە هەموو کەس لە نووسینگەی سوودانی دەکرێت. ژمارەی ئەو کەسانەشی لەو دۆسیە تێوەگلاون بۆ سەروو 10 کەس بەرزبووەتەوە".
دۆسیەکە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی تایبەت بە تاوانەکانی تیرۆرە. لە لێکۆڵینەوەکاندا محەممەد جوحی، برازای "رائید جوحی"، بەڕێوەبەری نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ناوی ژمارەیەک کەسی دیکەشی داوە کە گوایە لەگەڵیدا ئەو کارەیان کردووە.
دۆسییەکە تەنیا گوێگرتنی نهێنی نییە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، بەڵکو خۆخستنە شوێنی کەسانی دیکە، قسەکردن بەناوی بەرپرسانی دیار و خۆناساندنیان بەوانیشی تێدایە.