وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رووداو: زیارەتکارانی بیانی بە نایاسایی نەماونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، هیچ زیارەتکارێکی بیانیی چلەی ئیمام حوسێن بەشێوەیەکی نایاسایی نەماوەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تائێستا 96٪ـیان گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان. 
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 01-09-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ زیارەتکارێکی بیانی، رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێنی بەکارنەهێناوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی لە عێراق بمێنێتەوە و نەگەڕێتەوە وڵاتەکەی." 
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا 96٪ـی زیارەتکارانی بیانی، دوای بەجێگەیاندنی ئەرکی ئایینیان و بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن، عێراقیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان.
 
عەمید میقداد میری گوتی، ئەو 4٪ـەش کە ماونەتەوە، خۆیان درەنگ هاتوونەتە عێراق و هێشتا کاتی یاسایی مانەوەیان ماوە. 
 
رۆژی 25ـی ئابی 2024، رۆژی چلەی شەهیدبوونی ئیمامی حوسێن بوو، کە بۆ ئەم یادە لە وڵاتانی جیهانەوە شیعەمەزهەبەکان دێنە عێراق.
 
بەگوێرەى نووسراوێکى فەرمیی مەزارگەی عەباسی سەر بە دیوانى وەقفى شیعەى عێراق، ژمارەى ئەو زیارەتکارانەى بۆ چلەى شەهیدکردنى ئیمام حوسێن سەردانى کەربەلایان کردووە، 21 ملیۆن و 480 هەزار و 525 زیارەتکار بوون.