پلاندانانی عێراق 'گرنگترین' قۆناخی سەرژمێری دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
پرۆسەى گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان دەستپێدەکات و هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق وردەکاریی پڕۆسەکە بۆ رووداو ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2024، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکەم هەنگاوی سەرژمێریی گشتی کە گەمارۆسازی و ژمارەکردنە بەڕێوەدەچێت، ئەو پرۆسەیەش گرنگترین قۆناخی سەرژمێرییە و زۆر گرنگە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت، چونکە وردەکاری و زانیاری لەسەر کەرتی نیشتەجێبوون و تایبەتمەندیی خێزانەکان لەخۆدەگرێت."
30 هەزار توێژەر ئەو پرۆسەیە بەڕێوەدەبەن، وەکو هینداوی دەڵێت، "زۆر بەباشی" راهێنانیان پێکراوە.
پرۆسەکە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە ماوەی 60 رۆژ دەخایێنێت.
هاوکات بەپێی گوتەی مەحموود عوسمان، جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، 7000 کەس لە پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان بۆ سەرژمێریی گشتی بەشدار دەبن و ئەمڕۆ وەکو هەنگاوی یەکەم راهێنان بە تیمەکان دەکرێت، دوای 10 رۆژیش پرۆسەی ژمارەلێدان دەستپێدەکات.
وەکو ئەو دەڵێ، "ئەمە کارێکی ئەزموونییە، تاقیکردنەوە دەکەین بۆئەوەی بزانین کارمەندەکانمان لە ئاستی عێراقدا بە تەواوی راهێندراون، زانیاریی تەواویان لە پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان و سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان هەیە یان نا!"
لەو پرۆسەیەدا تیمەکانى سەرژمێرى بەسەر چەند بلۆکێکدا دابەش دەکرێن بۆ گەمارۆسازی و ژمارەلێدان، هەر بلۆکێک خانوو و باڵەخانەکانى سنوورەکەى دەگاتە 120.
دیارترین بڕگەکانی پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەکردن ئەمانەن:
- کۆکردنەوەی فرۆشگە و گوندەکان لە پاکێجی بچووکدا: لە رێگەیەوە هەر توێژەرێک دەتوانێت پرۆسەی ژمارەکردن و گەمارۆسازی سەرجەم شوێنی نیشتەجێبوون، باڵەخانە و دامەزراوەکانیان ئەنجام بدات.
- ژمارەکردنی باڵەخانەکان: سەرجەم باڵەخانە و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و بازرگانییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک ژمارە دەکرێن، ئەوەش بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی شوێنەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە هەمەجۆرەکان.
- گەمارۆسازیی دانیشتووان: لە رێگەیەوە سەرجەم داتا و زانیاریی خێزان و ئەندامەکانیان کۆدەکرێنەوە، هەروەها کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر کرێکار و کارمەندی دامەزراوەکان بەپێی رەگەز، نەتەوە و جۆری کارەکانیان.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق داوا دەکات، سەرجەم هاووڵاتییان هاوکاری توێژەران بن و زانیاری تەواو و دروستیان پێبدەن، چونکە لە کۆتاییدا ئەو پرۆسەیە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا دەبێت.
سەبارەت بە دەستپێکی قۆناخی دووەمی سەرژمێرییەکە، عەبدولزەهرە هینداوی دەڵێت، "دوای تەواوبوونی قۆناخی یەکەم، 120,000 توێژەری دیکە راهێنانیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی لە 20ـی تشرینی دووەمی 2024 قۆناخی دووەم دەستپێبکەین."
لە ساڵی 2009ـوە حکومەتی عێراق پلانی هەیە سەرژمێری بکات، بەڵام زۆر هۆکار رێگربوون لە ئەنجامدان و بەڕێوەچوونی.
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لەساڵی 2030ـدا دەگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.
بۆچی گەمارۆسازی و هەنگاوی یەکەم گرنگە؟
بەپێی گوتەی سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری ئاماری هەرێمی کوردستان هەنگاوەکەی سەرژمێری بۆ دیاریکردنی چڕیی دانیشتووان لە هەر یەکەیەکی کارگێڕی بە تەواوی باڵەخانە و کارگە و شوێنەکان گرنگە، بۆیە گەمارۆسازی بۆ سەرژمێری قۆناخێکی گرنگی ئەو پرۆسەیەیە، هەروەها مەحموود عوسمان، جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان دەڵێ، "بێ ئەو پرۆسەیە ناتوانرێت سەرژمێریی گشتی بکرێت."
18ـى ئابی 2024، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا ئامێر، پێداویستى، رێگەپێدان و سێرڤەرى پێویست بۆ ناوەندى زانیارییەکانى هەرێمى کوردستان دابین بکات بۆ گواستنەوەى زانیارییەکانى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بۆ ناوەندى سەرەکى و بە پێچەوانەوە.
گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند، رێوشوێنەکانى دابینکردنى پێداویستى ئەو ناوەندە دەستیپێکردووە و بەر لە رۆژى سەرژمێرى ئامادە دەبێت.
31ى ئایار تاوەکو 13ى حوزەیران سەرژمێریى ئەزموونى لە عێراق و هەرێمى کوردستان وەکو ئامادەکارییەک بۆ سەرژمێریی گشتی لە چەند گوند و شارۆچکەیەک بەڕێوەچوو.