قەیس خەزعەلی سەرجەم بارەگاکانی گرووپە چەکدارەکەی دادەخات

01-09-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، سەرجەم بارەگاکانی عەسائیب تا کاتێکی نادیار دادەخات و داوا دەکات وەڵامی "بێڕێزییەکان"ی سەدر نەدەنەوە. 
 
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە تویتێکدا لە هەژماری تویتەری خۆیدا رایگەیاند: "برایانی و خۆشەویستان، بە حوسێن سەلامی خودای لێبێت سوێندتان دەدەم، کە نابێت هیچ کاردانەوەیەکی نەرێنیتان هەبێت لە بەرامبەر ئەو سووکایەتییەی پێمکراوە".
 
قەیس خەزعەلی، دەڵێت، وەک محەممەد سەدری گەورە دەڵێت، ئەوەی بەلامەوە گرنگە، ئایینی خودا و ئایینزای پێشەوای بڕوادارانە. هەندێک دەیانەوێت دۆخەکە قەیراناوی بکەن، دەرفەتیان پێمەدەن، بە بێدەنگبوونتان پیلانەکانیان پووچەڵ بکەنەوە و لە خودا نزیک دەبنەوە.
 
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق دەشڵێت، "داوا لە برایانی عەسائیب ئەهلی حەق دەکەم، هەر لە ئێستاوە هەموو نووسینگەکانی بزووتنەوەکە تا کاتێکی نادیار دابخەن. هەر نووسینگەیەکیش دەیانەوێت بیسوتێنن، با بیسووتێنن و گرنگی بەمە مەدەن".  
 
‌رۆژی پێنجشەممە، 01-09-2022 ساڵح محەممەد عێراقی، وەزیری سەدر لە تویتێکدا لە هەژمارەی تویتەری خۆیدا هێرشی تووندی کردە سەر قەیس خەزعەلی و رایگەیاند: "ئەی قەیس هۆشداریت پێدەدەم، ئەگەر جڵەوی میلیشیا بێ چاو و رووەکانت نەکەی، ئەگەر لە بکوژ و تاوانبارانی سەر بەتۆ خۆت بێبەری نەکەیت، یان نەیسەلمێنیت کە سەر بەتۆ نین، کەوابوو تۆش بێ چاو و روویت".
 
ساڵح محەممەد عێراقی، هەروەها گوتی: "ئەگەر تۆ بە کوشتنی شوێنکەوتووەکانت وەک (ئەبا زەر) ویلایەت بە خۆت بدەیت، ئەوا ئەمە ناگەێنێت، کە خۆت بکەیتە جەلادێک و سەگە هارەکانت بکوژیت. شێرەکان و حەشدیش لە تۆ بێبەرین ئەی بێ چاو و روو".
 
شەوی رابردوو بەسرە کاتێکی سەخت و دژواری بەڕێکرد، بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان چەکدارانی سەرایا سەلامی سەر بە رەوتی سەدر و چەکدارانی عەسائیب ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی، کە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
 
چالاکڤانێکی مەدەنی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرابێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە کاتێک دەستپێکرد، کە دەمەقاڵێ لەنێو ژمارەیەک کەسی چەکداری سەر بە سەرایا سەلام و چەکدارانی عەسائیب دروستبووە، دواتر شەڕە تەقەی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە کەسێکی سەر بە سەرایا سەلام کوژرا و یەکێکی دیکە برینداربووە.
 
دوای ئەو رووداوە، کۆمەڵێک چەکداری سەرایا سەلام تەقەیان لە بارەگای عەسائیب کردووە. دواتر ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە و هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دۆخەکە هێورکراوەتەوە. پارێزگار و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نابێت چەکدار بڵاوبێتەوە و هەڕەشەی دەستگیرکردنی هەر چەکدارێکیان کردووە.
 
بەڵام جارێکی دیکە دۆخەکە گرژی و ئاڵۆزی تێکەوتەوە، بۆیە لە کاژێر دووی شەو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی تەقەی چەکی سووک و مامناوەند بیستراوە، گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکانی کۆماری و قسور بڵابوونەوە و هێزە ئەمنییەکانیش ژمارەیەک رێگەی سەرەکیان داخست.
 
هەندێک لە گێڕانەوەکان باس لەوە دەکەن کوژراوەکە کێشەی لەگەڵ بکوژەکە هەبووە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو کەسەی شەوی رابردوو کوژراوە سەرکردەیە لە سەرایا سەلامی سەر بە رەوتی سەدر، دواتر چەکدارانی سەرایا سەلام  هێرشیان کردووەتە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی کە بارەگای عەسائیب بووە، شەڕ و پێکدادان دروستبووە لە کاژێر دووی بەرەبەیان تا 6:30ی بەیانیی ئەمڕۆ. تائێستا ئاماری کوژراوان بە دروستی نازانرێت، بەڵام  سەرچاوە ئەمنییەکان دووپاتیدەکەنەوە، زیاتر لە 13 چەکدار دەستگیرکراون. 
 
لای خۆیەوە ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە رایگەیاند، دۆخی ئەمنیی بەسرە لەژێر کۆنترۆڵە و هێزە ئەمنییەکان بڵاوبوونەتەوە، شەڕ و پێکدادانەکان و دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە. 
 
خەڵکی پارێزگاکە ترسیان لەوەیە، جارێکی دیکە سیناریۆی تیرۆرکردنەکان دەستپێبکاتەوە، کە لە کاتی خۆپێشاندانی تشرین لە ماوەی ساڵانی 2018 و 2019 سەریهەڵدا.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لەبارەی شەڕەکە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی جیاواز بڵاوبووەتەوە لەبارەی رووداوی ئەمنی و تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە پارێزگای بەسرە. بابەتەکە ئەوەیە کوشتن و برینداربوون هەبووە، هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک گومانلێکراویان دەستگیرکردووە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە".
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی جەخت لەوە دەکاتەوە، دۆخی ئەمنی لە ژێر کۆنترۆڵە و دۆخەکە هێور بووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش لە تەواوی پارێزگاکەدا بڵابوونەتەوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

فایەق زێدان: سێجار پۆستی سەرۆکوەزیرانم رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکەمەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردەکانی کورد ویستی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق نییە.