رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى پلاندانانى عێراق پێشنیاز دەکات هەر فەرمانبەرێک وەک ژمێرکار لە سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان بەشدار دەبێت، پێنج خاڵی پێ بدرێت بۆ ئەوەى زەوى پێ وەربگرێت.
عەبدولزەهرە هینداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پێشنیازیان بۆ پارێزگاکان کردووە هەر فەرمانبەرێک لە سەرژمێریى گشتى بەشدار بێت، خاڵى پێ بدرێت.
پێشنیازەکە لەلایەن زیا عەواد کازم، سەرۆکى دەستەى باڵاى سەرژمێرى گشتیى دانیشتووانەوە ئاراستەى پارێزگاکانى عێراق کراوە لەسەر بنەماى کۆبوونەوەیەکى دەستەى باڵاى هاوئاهەنگى نێوان پارێزگاکان لە 28ى تەممووز، کە ئەو پرسە خراوەتەڕوو.
بەگوێرەى نووسراوێکى سەرۆکى دەستەى باڵاى سەرژمێریى گشتیى دانیشتوان کە لە 30ى تەممووز ئاڕاستەى پارێزگاکانى کردووە، داواى لێکردوون تاوتوێى پێشنیازێک بکەن بۆ ئەوەى ئەو فەرمانبەرانەى لە پڕۆسەى سەرژمێرى گشتى دانیشتووان بەشداردەبن خاڵیان پێ بدرێت، بە مەرجێک لە پێنج خاڵ کەمتر نەبێت، بۆ ئەوەى بتوانن پارچە زەوییەک وەربگرن.
رۆژی 20ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ دیاری کراوە بۆ سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان، یەکەمجارە دواى 37 ساڵ لە عێراق و هەرێمى کوردستان بکرێت.
دوایین سەرژمێرى لە عێراق لە 1997 لە 15 پارێزگا کرا، ئەمجارە هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە. لە یاسای بودجە 400 ملیار دینار بۆ پێداویستی و خەرجیی سەرژمێرى تەرخانکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ