دەستپاکیی عێراق دەستگیرکردن و گێڕانەوەی پارەی ژمارەیەک تۆمەتباری دۆسیەی 'دزیی سەدە' رادەگەیێنێت

01-08-2024
هێمن بابان رەحیم
پارەکان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا خرانەڕوو.
پارەکان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا خرانەڕوو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق دەستگیرکردنی ژمارەیەک تۆمەتباری تێوەگلاو لە دزیی سەدە کە نزیکەی چوار تریلیۆن دیناری تێدا لە سپاردەی باجەکان دزرا، راگەیاند. یەکێکیان بە هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەستگیراوە.
 
حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پێشهاتی نوێی لەبارەی دزیی سەدە (دزینی بەشێکی سپاردەی باجەکان بوو لە ژمارەیەک بانکی عێراق) راگەیاند و گوتی: "شەوی رابردوو لە هەرێمی کوردستانەوە تۆمەتبار قاسم محەممەد محەممەد-مان رادەست کرا، سوپاس بۆ وەزیری ناوخۆی عێراق و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ هاوئاهەنگییان، ئەگەر هاوئاهەنگیی ئەو دوو وەزیرە نەبووایە نەماندەتوانی ئەو تۆمەتبارانە وەربگرینەوە."
 
روونیشێکردەوە: "ئەو تۆمەتبارە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری حوتی ئەحدەب بووە، رەنگە دووبارەکردنەوەی چەند ناوێکی جیاواز لە کۆمپانیایەک ببیستن و بڵێن چۆن کۆمپانیایەک دوو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەبێت، بەڵام زۆرینەی کۆمپانیاکان و ناوەکان ساختەن، بۆیە بەو ناوانەوە پارە راکێشراوە و بەشێک لە فەرمانبەران یارمەتییان داون."
 
هەروەها گوتی: "هەندێک کۆمپانیاکان وەهمین، ئەو پارەیەی ئەو کەسە دزیویەتی و لەلای ئێمە بەو شێوەیە تۆمارکراوە 982 ملیار دینار بووە، بە 55 چەکی راستەوخۆ و 11 چەکی کۆمپانیای ریاح بەغدا بردوویەتی، بە هاوبەشی لەگەڵ تۆمەتبار نوور زوهێر جاسم کە هەموو ئەو بابەتەی بەڕێوەدەبرد."   
 
سەبارەت بە تۆمەتبارێکی دیکە گوتی: "تۆمەتباری هەڵاتوو محەممەد فەلاح عەبدوڵڵا جەنابی لە ئیمارات راگیراوە، ئەو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای قانتە، تۆمەتبارە بە دزینی یەک تریلیۆن و 185 ملیار و 120 ملیۆن و 882 هەزار دینار لە رێگەی 79 چەکی ساختەوە. نوور زوهێر جاسم کە کەسی یەکەمی دزیی سەدەیە هاوبەشە لەو دزییەدا."
 
ئاماژەی بە تۆمەتباری سێیەمیش دا و گوتی: "عەبدلمەهدی تەوفیق مەهدی تەتنچییە، 'تەماشا بکەن ناوی کۆمپانیاکە دووبارە دەبێتەوە'، ئەو بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای حوت ئەحدەب و کۆمپانیای بادیەی مەسار بووە، تۆمەتبارە بە دزینی دوو تریلیۆن و 283 ملیار دینار لە رێگەی 155 چەک و بە هەمان رێگە و بە هاوبەشی لەگەڵ تۆمەتبار نوور زوهێر جاسم بووە. ئاماژەمان لەلایەن ئینتەرپوڵی لوبنانییەوە بۆ هات کە دەستگیرکراوە."
 
لەبارەی تۆمەتباری چوارەمیشەوە، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی رایگەیاند: "تۆمەتباری چوارەم عەلا خەڵەف مەڕان-ە، داوامان لە لوبنان کرد رادەستمان بکەنەوە، بەڵام گوتیان پێدەچێت هەڵاتبێت بۆ تورکیا، ئەو تۆمەتبارە لە نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە و 890 ملیار دینای لەلا بووە."
 
"دوو کەسی دیکەش لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوێتییەوە دەستگیرکراون، کە 124 ملیۆن دۆلاریان لەلابووە و دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق."
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەکرد، بڕی پارە دزراوەکانی دزیی سەدە لەوە زیاترە کە راگەیێندراوە؛ "زیاتر لە دوو ملیۆن و 150 هەزار دۆلاریان وەرگرتووەتەوە کە لەژێر زەویدا شاردرابووەوە لە پارێزگای بابل، جگە لەوەی نۆ خانووی بەڕێوەبەرێکی پێشوو لە بەڕێوەبەرایەتیی هێڵی شەمەندەفەر هەیە کە پارەکانی زۆر زیادیکردووە و لە لێکۆڵینەوەدان."
 
حەیدەر حەنوون لە قسەکانیدا باسی هەندێک ناوی دیکەشی کرد و گوتی: "دوو رۆژ لەمەوبەر، لیوا عادل، بەڕێوەبەری ئینتەرپوڵ و پۆلیسی عەرەبی لە عێراق چوو بۆ ئیمارات، تۆمەتبار نەورەس عەبدولرەزاق لە ئیمارات وەرگیرایەوە و سبەی دەگاتەوە عێراق، ئەو بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی بابل بووە، دوای هەوڵێکی زۆر بڕیاری وەرگرتنەوەمان وەرگرت."
 
دزیی سەدە، ساڵی 2022 لە سەردەمی حکومەتی مستەفا کازمی ئاشکرا بوو. دزینی 2.5 ملیار دۆلاری پارەى هەژمارى سپاردەى دارایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى باجى عێراق بوو لە بانکى رافیدەین لەلایەن پێنج کۆمپانیاوە. تێکڕاى پارە دزراوەکەى بانکى رافیدەین زیاتر لە 3.7 تریلیۆن دینار بووە کە لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 و ئەیلوولى 2022 لەو بانکە براوە.
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی 11 نزیکەی 99 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری ناردنە دەرەوەی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ راگەیاند. بەپێی ئاماری کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتیی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو گەیشتە 98 ملیۆن و 869 هەزار و 824 بەرمیل.