سۆران عومەر: بۆ بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران بەغدا چاوەڕێی لیستی ناوەکانیان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بانکی رەشیدی حکومەتی عێراق دەڵێت بۆ بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: "هەرسێ بانکەکەی حکومەتی عێراق داوای ناوی فەرمانبەرانیان کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناینێرێت."
بەپێی نووسراوێکی بانکی رەشیدی حکومەتی عێراق کە 23ـی مانگی رابردوو ئاڕاستەی نووسینگەی پەرلەمانتار سۆران عومەری کردووە، دەڵێت: "بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئێمە بەتەواوەتی ئامادەین، دوای ئەوەی لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە زانیاریی پێویستمان پێدەگات بە پشتبەستن بە نووسراوی وەزارەتی دارایی ژمارە 9429ـی 7ـی نیسانی 2024 و هاوپێچەکانی."
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، کە ئەندامی لیژنەی ئابووری و بازرگانیی پەرلەمانی عێراقیشە، بە رووداوی گوت: "بانکەکانی رەشید، رافیدەین، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە لیستی ناوی فەرمانبەرانیان بۆ بنێرن بۆ بەجێکردنیان، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ناینێرێت و ئامادەش نییە بینێرێت."
رۆژی 7ـی نیسانی 2024، وەزیری دارایی بە نووسراوێک داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد زانیاریی پێبدرێت بۆ ئەوەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران لە یەکێک لەو سێ بانکە دەستپێبکرێت.
تایبەت بە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سۆران عومەر بە نووسراوی ژمارە (780/د لە 3/6/2024، داوای لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کرد زانیارییان پێبدرێت لەبارەی ئەوەی چی بۆ بەجێکردنی مووچە کراوە لە بانکەکانی حکومەتی عێراق.
وەزیری دارایی عێراق بەنووسراوی ژمارە (5779 لە 23ـی تەممووزی 2024، ئاماژە بەوە دەکات لە 7ـی نیسانەوە بە نووسراوی ژمارە 9429 داوای زانیاریی فەرمانبەرانی هەرێمیان کردووە بۆ بەجێکردنی مووچەکانیان لە بانکی رەشید و رافیدەین و TBI و چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتی هەرێمن.
رۆژی 08-06-2024 وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگری پرۆژەی 'هەژماری من'، بە پشتبەستن بە رێککەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چوارەمین هەفتە لەسەریەک، زانیاریی (539) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ بانکەکە ناردووە.