ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە بەغدا کۆدەبێتەوە و خۆپێشاندەران بارەگاى ئەنجوومەنەکە دادەخەن
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە هاووڵاتییانى سەر بە هۆزى تەمیم لە دیالە خۆپێشاندان دەکەن و بەردەم بارەگاى ئەنجوومەنى پارێزگا دادەخەن. ئەمە وەک ناڕەزایەتى لە دژى ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەکى ئەو ئەنجوومەنە لە بەغدا.
یەکى ئابی 2024، عەقید هەیسەم شەممەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خۆپێشاندەران بەردەم ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالەیان داخستووە، وەک ناڕەزایەتییەک لە دژى ئەنجامدانى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاکە کە لە بەغدا دەکرێت."
خۆپێشاندەران سەر بە هۆزى تەمیم-ن و یەکێک لە دواکارییە سەرەکییەکانیان ئەوەیە کە پارێزگارى دیالە لەو هۆزە بێت. وەکو ناڕەزایەتیش رێگەى سەرەکى بەردەم ئەنجوومەنى پارێزگایان داخستووە.
عەقید هەیسەم شەممەرى گوتى: "خۆپێشاندەران لەبەردەم ئەنجوومەنى پارێزگان و دۆخەکە لە رووى ئەمنیەوە کۆنترۆڵکراوە".
5ـی شوبات، ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە بە سەرۆکایەتى بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە، ئەمە دووەم کۆبوونەوەیە ئەو ئەنجوومەنە دواى سوێندخواردنى 15 ئەندامەکەى بیکات.
لایەنەکانى دیالە لەسەر حکومەتى خۆجێیی شارەکە ناکۆکن و هیچ بەرەیەک نەیتوانیوە هەشت ئەندامى ئەنجوومەن کۆبکاتەوە بۆ پێکهێنانى ئەو حکومەتە، ناکۆکى سەرەکى لەسەر پۆستى پارێزگارە.
لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا لە بەغدا،عومەر کوروى، ئەندامى هاوپەیمانى سەروەرى سوننە بە سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا هەڵبژێردرا.