دادگەى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەکی تایبەت بە هەڵەبجە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق یەکەم دانیشتن لەبارەى سکاڵایەک دەکات کە بۆ پارێزگابوونى هەڵەبجە پێشکێش کراوە، تێیدا داواکراوە حکومەت و پەرلەمانى عێراق ناچار بکرێن ئەو سنوورە بکەنە 19ـەیەمین پارێزگاى عێراق. 
 
سکاڵاکە لەلایەن موسەننا ئەمین، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان دژى سەرۆکى پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆمار کراوە. ئەمڕۆ (دووشەممە) یەکەم دانیشتنى تایبەت بەو سکاڵایە دەکرێت.
    
لە سکاڵاکەدا داوا کراوە؛ هەڵەبجە بکرێتە 19ـەیەمین پارێزگاى عێراق و شایستەى دارایی و کارگێڕى بۆ دەستبەر بکرێت.
 
موسەننا ئەمین ئەمڕۆ بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، سکاڵاکە بۆ ئەوەیە گوشارێک دروستبکات لە پەرلەمانى عێراق یاسای بەپارێزگابوونى هەڵەبجە پەسندبکرێت، یان دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاری بەپارێزگاکردنى دەربکات و ئیدی ئەو پرسە نەکەوێتە نێو هاوکێشە سیاسییەکانى پەرلەمانەوە.
 
لە 9ـی تەممووزى 2023ـوە وەزارەتى پلاندانانی عێراق نەخشەى کۆتایی سنوورى کارگێڕیى قەزا و ناحیەکانى پارێزگاى هەڵەبجەى پەسندکردووە و، ئێستا پڕۆژەیاساى بەپارێزگابوونەکە لە پەرلەمانە، هەرچەندە چەند جارێک خرایە خشتەى کارەوە بۆ دەنگدان لەسەرى، بەڵام دەنگى لەسەر نەدرا. 
 
موسەننا ئەمین گوتى، دوو جار لەگەڵ سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵى گفتوگۆى لەسەر ئەو بابەتە کردووە و ئەوەی تێگەیشتووە ئەوەیە "ئەگەر هەیە بڕیار لە بەرژەوەندیی سکاڵاکە بدات بەتایبەت کە ئەو دادگەیە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بڕیاریداوە هەڵەبجە وەک پارێزگا بکاتە بازنەیەکى هەڵبژاردن و ئەوەش جۆرێکە لەدانپێدانان." 
 
بەگوێرەى بڕیارێک کە پەرلەمانى کوردستان لە 22ـی ئەیلوولى 1999 دەریکردووە، چوار شارى کردووەتە پارێزگا کە یەکێکیان هەڵەبجە بووە. 
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پرۆژەیاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجەى ئاراستەى ئەنجوومەنى وەزیران عێراق کرد.