رووداوەکانی هاتووچۆ لە عێراق؛ 28%یان گیانلەدەستدانی لێکەوتووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ساڵى 2023 زیاتر لە 11 هەزار رووداوى هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە، بەراورد بە ساڵى پێش خۆى رووداوەکان 0.3% زیادیان کردووە، 28.2%یان گیانلەدەستدانیان لێکەوتووەتەوە، شۆفێر هۆکارى 79%ى رووداوەکان بوون.
 
دەستەى سەرژمێری و سیستمى زانیاریى جوگرافیی عێراق رایگەیاند، ساڵى 2023 ژمارەى رووداوەکانى هاتووچۆ گەیشتوونەتە 11 هەزار و 552 رووداو، 3262 رووداویان گیانلەدەستدانیان لێکەوتووەتەوە، کە دەکاتە 28.2%ى رووداوەکان؛ 8290 رووداویان گیانلەدەستدانیان لێ نەکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا ساڵى 2022 ژمارەى رووداوەکانى هاتووچۆ 11 هەزار و 523 رووداو بوون، بەوەش 0.3% زیادیکردووە.
 
ئەو ئامارەى دەستەى سەرژمێری و سیستمى زانیاریى جوگرافیی عێراق، پارێزگاکانى لەژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵی گرتووەتەوە جگە لە هەرێمى کوردستان.
 
لەو رووداوانەى هاتووچۆى ساڵى رابردوو، 3019 کەس گیانیان لەدەستداوە، 2472یان رەگەزى نێر بوون کە 81.9%ی ژمارەکە دەکات، بەراورد بە ساڵى 2022 رێژەی ئەو رووداوانەى مردنى لێکەوتووەتەوە 0.1% کەمیکردووە، بەو پێیەى لە 2022 بەهۆى رووداوى هاتووچۆوە 3021 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
12 هەزار و 314 کەس بەهۆى ئەو رووداوانەوە برینداربوون، بەراورد بە ساڵى 2022 رێژەکە 2.9% کەمیکردووە، 3912 رووداوى لێدان لە هاووڵاتییان تۆمار کراوە، کە 33.9%ى تێکڕاى رووداوەکانى هاتووچۆ بووە، 926 رووداوى وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلیش تۆمارکراون کە 8%ى کۆى رووداوەکانى هاتووچۆ بوون.
 
زۆرترین رووداوەکانى هاتووچۆ لە مانگى ئەیلوولى 2023 بووە بە 1165 رووداو، کە 10.1%ى تەواوى رووداوەکانى تێدا تۆمار کراوە.
 
بەگوێرەى ئەو ئامارە، 56.2%ى رووداوەکانى هاتووچۆ لەسەر رێگەى خێرا بوون، 79%یان بەهۆى شۆفێرەوە بوون، 10.4%ى رووداوەکان ئۆتۆمبێلەکە هۆکار بووە، 6% بەهۆى رێگەوبانەوە بووە.