رووداو دیجیتاڵ
لە مانگی چواری ئەم ساڵدا، عێراق چوارەم گەورەترین هەناردەکاری نەوت بووە بۆ کۆریای باشوور. رۆژانە زیاتر لە 250 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ هەناردەکردووە.
دامەزراوەی نەوتی کۆریای باشوور رایگەیاند، لە مانگی نیساندا سعودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوتیان بووە. لەو مانگەدا 29 ملیۆن و 187 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ هەناردە کردوون.
لە دوای سعودیە، ئیمارات بە 16 ملیۆن و 950 هەزار بەرمیل و ئەمریکاش بە 12 ملیۆن و 386 هەزار بەرمیل نەوت، دووەم و سێیەمین گەورەترین هەناردەکاری نەوتی کۆریای باشوور بوون.
دامەزراوەی نەوتی کۆریای باشوور دەشڵێت، لە نیسانی ئەم ساڵدا عێراق چوارەم گەورەترین هەناردەکاری نەوت بووە بۆ کۆریای باشوور.
لەو مانگەدا عێراق بە تێكڕا 7 ملیۆن و 749 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی کۆریای باشوور کردووە. ئەم بڕە دەکاتە 258 هەزار و 300 بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
دامەزراوەکە دەڵێت، لە نیسانی 2023ـدا عێراق 5 ملیۆن و 735 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی کۆریای باشوور کردبوو. بەوەش لە نیسانی ئەم ساڵدا هەناردەی نەوتی عێراق بۆ کۆریای باشوور 35٪ زیادبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ